هەواڵی کوردستان ئێستا

لە عێراق 82 ملیۆن و 900 ھەزار دۆلار لە کۆمپانیایەکی حکوومی دیارنەما

لە عێراق 82 ملیۆن و 900 ھەزار دۆلار لە کۆمپانیایەکی حکوومی دیارنەما
لە عێراق 82 ملیۆن و 900 ھەزار دۆلار لە کۆمپانیایەکی حکوومی دیارنەما

2023-05-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دەستەی دەستپاکی لە عێراق رایگەیاند کە بڕی ١٢٠ ملیار دینار (٨٢ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆلار) لە داھاتی یەکێک لە کۆمپانیاکانی سەربە وەزارەتی پیشەسازیی و کانزاکان لە پارێزگای بابل دیار نەماوە.

فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان سەربە دەستەی دەستپاکی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو بڕە پارەیە لە میانی مانگەکانی ئەیلوولی ٢٠١٧ و ئەیلوولی ٢٠٢٢ دیار نەماوە.

راشیگەیاندووە کە کۆی گشتی داھاتەکانی کۆمپانیاکە، ٣٠٥ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار (٢١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار) بووە، ھەروەھا سەرجەم خەرجییەکان، بەپێی ئەوەی خەمڵیندراوە، ١٨٥ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دینار (١٢٧ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار دۆلار) بووە.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە زۆربەی بەڵگەنامەکان لەلایەن فەرمانبەرانی کۆمپانیاکە شاردراونەتەوە و کۆمپیوتەری سەنتەری زانیاریییەکان سەربە کۆمپانیاکە کە ژمارە و ئاماری ژمێریاریی کۆتایی بۆ ھەموو ساڵانی پێشتری تیایدایە، خراوەتە ژێر لیکۆڵینەوە.

کۆتایی ساڵی رابردوو، دەستەی دەستپاکی لە عێراق، پێکھێنانی لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی راگەیاندبوو.

عێراق بە سامانی نەوت دەوڵەمەندە، بەڵام لەنێو وڵاتانی جیھاندا، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زیاتر بەدەست گەندەڵییەوە دەناڵێنێت و بەپێی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی، عێراق لەنێو وڵاتانی جیھاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ لەنێو ١٨٥ وڵاتدا رێزبەندی ١٥٧مینی گرتووە.

دەستەی دەستپاکی لە عێراق رایگەیاندبوو کە ١١ ھەزار و ٦٠٥ ھەزار بەرپرسی باڵا کە ٥٤یان وەزیرن لە گەندەڵی تێوەگلاون.

دوو ساڵ لەمەوبەر عێراق رایگەیاندبوو لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ساڵی ٢٠٢٠، بڕی ١٥٠ ملیار دۆلار لە چوارچێوەی گرێبەستەکانی گەندەڵی بە قاچاخ براوەتە دەرەوە.