هەواڵی کوردستان ئێستا

باران بارینی ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی زیاد كردووە

باران بارینی ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی زیاد كردووە
باران بارینی ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی زیاد كردووە

2023-05-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


لەئەنجامی بارانباریندا لە وەرزی داچاندنی بەروبوومی گەنمدا، لەمساڵدا بەرهەمی گەنم زیادی كردووە، بەڵام هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە كە دوایین باران، زیانی داوە بە بەشێك لە كێڵگەكانی گەنم و داكەوتوون.

لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، پشتیوان حەمەعەلی رایگەیاند 'لەبارەی زەرەروزیانی ئەو بارانەی لە چەندڕۆژی پێشوودا باری، بەداخەوە ئەو گەنمانەی باڵایان زۆر بەرزە و بەهێزن و گوڵ و دانیان پڕ كردووە كەوتوون و زیانیان پێ گەیشتووە".

پشتیوان حەمەعەلی وتی: "زۆربەی كێڵگەكانی گەنمی ئەمساڵمان بەو شێوەیەن كە گەنمەكان باڵایان زۆر بەرزە و بەهێزن، لەبەرئەوەی بارانبارین و كەشوهەوا لەبار بووە بۆ ئەوەی گەنمەكانمان بەهێز و پڕدان بن، هەروەها جوتیارانیش لەبەر خەمی بەرهەمەكانیان و بوونی بازاڕێكی باش بۆ ساغبوونەوەی گەنمەكانیان و باشی نرخی گەنم لە سایلۆكاندا، لەژێر رێنمایی ئێمە وەكوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی خزمەتێكی زۆر باشی كێڵگەكانیان كردووە".

لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی وتیشی: "هەندێك لە جووتیاران كەمێك پڕتر گەنمەكانیان چاندووە و رێژەی زیاتریان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی رووەكیان هەبێت كە لە رووە زانستییەكەیشەوە دروستە، هەموو ئەمانە وایان كرد رووەكەكانمان باڵایان بەرز بێت و لە كاتی بوونی كەشوهەوایەكی ناسەقامگیر و نالەبار و بارانێكی زۆر بەهێز بەباوە بەشێك لە گەنمەكان بكەون و زیانیان پێبگات".

ئاماژە بەوە دەكات ئەم بارانەی ئەم چەندڕۆژەی دوایی سوودی بەو كێڵگەیانە گەیاندووە كە درەنگ گەنمیان تیادا كراوە یان هێشتا لە قۆناغی سەوزیدان، یان گەنمەكان هێشتا لە قۆناغی شیری و پڕكردنی داندان