هەواڵی کوردستان ئێستا

یەکێتی ئەورووپا هۆشداریی دەداتە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر

یەکێتی ئەورووپا هۆشداریی دەداتە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر
یەکێتی ئەورووپا هۆشداریی دەداتە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر

2023-05-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

یەکێتی ئەورووپا هۆشداریی ئەوەی دایە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر کە پابەندبێت بە بەرپرسیارییەتییەکانییەوە.

دوای کشانەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەو یاسا خۆویستانەیەی یەکێتیی ئەورووپا دایناوە و تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست، ئەندامی بەرپرس لە بازاڕی ناوخۆیی و پیشەسازیی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، تییەری برێتۆن، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: "تویتەر لە یاسا خۆویستەکانی یەکێتی ئەورووپا دژ بە بڵاوبوونەوەی زانیاری ناڕست دەکشێتەوە. بەڵام بەرپرسیارییەتییەکانی تویتەر بەردەوامن".

برێتۆن، ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم یاسایانە لە ٢٥ی ئابەوە لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا دەبنە یاسای زۆرەملێ.

ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تیمەکانی یەکێتی ئەورووپا ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسا نوێیانەی کە دەردەچن.

ئەو یاسایانەی یەکێتی ئەورووپا دژ بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست ئامادەی کردووە کە لە قۆناغی کۆرۆنا و جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردبوو، ساڵی رابردوو لەلایەن ٣٠ پلاتفۆڕمەوە واژوو کرا.

تۆڕەکۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکانی وەک مێتا، گۆگڵ، تویتەر، تیکتۆک و مایکرۆسۆفت، ئەم کۆدە نوێیان واژوو کرد کە رێوشوێنی فراوانتر لە پێشوو دژبە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لەخۆدەگرێت.

بەم شێوەیەش پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بڕیاریاندابوو زیاتر بەرەنگاری بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست ببنەوە. ئەم کۆدە زیاتر لە ٤٠ لەئەستۆگرتن و زیاتر لە ١٠٠ رێککاری تایبەت لەخۆدەگرێت.

بڕیاریشە ئەو پلاتفۆڕمانە لە ماوەی شەش مانگدا لەئەستۆگرتنەکانیان جێبەجێبکەن، راپۆرتێکی بەرەوپێشچوون دەربارەی ئەم بابەتە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە ئامادە دەکرێت.

سەرەتای ئەمساڵیش پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان راپۆرتی بەرەوپێشچوونی خۆیان پێشکەشی یەکێتی ئەورووپا کرد. بەڵام یەکێتییەکە پێیوابوو کە راپۆرتەکەی تویتەر لە ئاستی پێویستدا نییە. لەلایەکی دیکەشەوە لە چوارچێوەی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکاندا چەند پلاتفۆڕمێک کە تویتەر یەکێکیانە، لە ٢٥ی ئابەوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەکی چڕ و یاسای توندیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

لە چوارچێوەی یاسا نوێکاندا ئەو پلاتفۆڕمانەی سەرپێچی دەکەن ئەوا بە سزای ماددی سزا دەدرێن. لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکانیشدا کۆتایی بە چالاکی پلاتفۆڕمەکە لە یەکێتی ئەورووپا دەهێندرێت.