ئەردۆغان: یەکەمجارە گەواهیدەری هەڵبژاردنێکی دوو گەڕی دەبین
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە لە مێژووی ژیانی دیموکراسی تورکیادا یەکەمجارە دەنگدانێکی لەم جۆرە دەبینن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رایگەیاند: "لە مێژووی جیهاندا جگە لە تورکیا هیچ وڵاتێک نییە رێژەی بەشداری لە دەنگدان تیایدا بگاتە لەسەدا ٩٠، بەڵام لە تورکیا ئەمە هەیە و ئەمەیش جوانترین هێمای خەباتی دیموکراسییە. لەو باوەڕەدام ئەمڕۆیش هاووڵاتییان بە هەمان جۆشوخرۆشەوە بەشداری دەکەن".
لە میانی بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان خاتوو ئەمینەی هاوسەری لە قوتابخانەی سەرەتایی ساففەت چەبی لە ئوسکودار لە ئیستانبوڵ دەنگیان دا و دەنگەکانیان خستە ناو سندوقی ژمارەی ٣٢٧٩.
ئەردۆغان بە میدیاکارانی راگەیاند کە یەکەمجارە لە مێژووی ژیانی دیموکراسی تورکیادا گەواهیدەری هەڵبژاردنێکی دوو گەڕی دەبن، گوتی: "گەڕی یەکەم لە ١٤ی ئایار ئەنجام درا و گەڕی دووەمیش ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت. لەم گەڕەدا وەک هەڵبژاردنی پەرلەمان نییە، ناوی پارتەکانی هەموو تیادا بێت تەنها ناوی دوو کاندید هەیە، بۆیە پێم وایە ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانەکە خێراتر بەڕێوە دەچێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هیوای خواست هەڵبژاردنەکە ببێتە مایەی خێروخۆشی بۆ گەلی تورکیا و گوتی: "لە مێژووی ژیانی دیموکراسی تورکیادا یەکەمجارە دەنگدانێکی لەم جۆرە دەبینن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا. لە مێژووی جیهاندا جگە لە تورکیا هیچ وڵاتێک نییە رێژەی بەشداری لە دەنگدان تیایدا بگاتە لەسەدا ٩٠، بەڵام لە تورکیا ئەمە هەیە و ئەمەیش جوانترین هێمای خەباتی دیموکراسییە. لەو باوەڕەدام ئەمڕۆیش هاووڵاتییان بە هەمان جۆشوخرۆشەوە بەشداری دەکەن و هیواداریشم وا بێت".