ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدكردنی كوردە فەیلییەكان
هەولێر-KDP.info- چل ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال و جینوسایدكردنی كوردە فەیلییەكان لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت، كە تێیدا دوازدە هەزار كوردی فەیلی ئەنفال و شوێنبزر و شەهید كران. جینۆسایدكردنی كوردە فەیلییەكان درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوانانە بوو كە لە سەدەی بیستەمدا لە لایەن ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
كوردی فەیلی، لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلی كوردستان ڕۆڵی كاریگەرییان هەبووە و ئەو تاوانە گەورەیەیش كە دەرهەق كوردی فەیلی كرا تەنیا لەبەر كوردبوونیان بوو. ئەو تاوانە زوڵم و ناهەقییەكی گەورە بوو دژی گەلەكەمان و برینێكە كە هەرگیز لە یاد ناچێت.
سەرەڕای ئەوەی ئەو تاوانەی ڕژێمی پێشوو دژی كوردی فەیلی لە لایەن دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق بە جینۆساید ناسێندراوە بەڵام هەتا ئێستایش ئاسەواری ئەو تاوانە دڕندانەیە ماوە و پێویستیش دەكات دەوڵەتی عێراق قەرەبووی هەموو زیانلێكەوتووانی جینۆسایدی كوردی فەیلی و هەموو ئەو تاوان و جینۆسایدانە بكات كە لە دژی گەلەكەمان ئەنجام دراون.
بارەگای بارزانی
٥ـی٤ـی ۲٠۲٠