هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدەدرێت

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدەدرێت
وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدەدرێت

2023-05-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: ساڵی داهاتوو پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدەدرێت و پرۆسەكە بۆ ماوەی چەند مانگێك بەردەوام دەبێت.

ماهر حەماد جوهان، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: لەبەر چەند هۆكارێك پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بۆ ساڵی داهاتوو دواخراوە، یەكیك لەو هۆكارانە درەنگ پەسەندكردنی بودجەیە، بۆیە ناتوانن ئەمساڵ پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لەكۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەببەن .

ئاماژەی بەوەشكردوە: بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتووی 2024 دەست بە پرۆسەكە بكەن، ئەوەش دوای تەواوكردنی ئامادەكارییە تەكنیكییەكان، پێدەچێت پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بۆ ماوەی چەند مانگێك بەردەوامبێت.

یەكەم سەرژمێری دانیشتوان لەعیراق لەساڵی 1934 ئەنجامدراوە كە ئەوكات ژمارەی دانیشتوان 3 ملیۆن و 380 هەزار كەس بووە. دوایین سەرژمێریش كە لەساڵی 1997 ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتوانی عیراق بۆ 22 ملیۆن و 170 هەزار كەس بەرزبۆتەوە.

بەڵام لەدوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003 وە هیچ سەرژمێرییەكی رەسمی لە عیراق ئەنجام نەدراوە، ئەمە لە كاتێكدایە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە 43 ملیۆن كەس.