هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرکۆماری عێراق: "پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت"

سەرکۆماری عێراق: "پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت"
سەرکۆماری عێراق: "پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت"

2023-05-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێدە

سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند کە پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید پێشوازیی کردووە لە سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی رۆڵی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە رێکخستنی ھەڵبژاردنەکان و رایگەیاندووە کە پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت.

عەبدولـلەتیف رەشید ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەگەری پەسەندکردنی بوودجە لە میانی چەند رۆژی داھاتوودا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان چارەسەر دەکرێن، ھەروەھا کۆمیسیۆنیش دەتوانێت دەست بە ئامادەکارییەکان بکات بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە.

سەرکۆماری عیراق روونی کردووەتەوە کە لەئێستادا، ھەموو ھەوڵەکان لە پێناو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ کێشە خراونەتەگەڕ کە ئەوەیش دەبێتە مایەی پتەوترکردنی رەوشی ئاسایش و سەقامگیریی لە عیراق.

لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆن رایگەیاند کە ئامادەیە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی داھاتوودا، ئەنجام بدات.

شاندی کۆمیسیۆن ئومێدی خواستووە کە پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بوودجە، چونکە پەیوەندی بە دابینکردنی پێدوایستییە لۆجستییەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی پرۆسەکەوە ھەیە.

رۆژی ٢٦ی مانگی نیسانی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسەند کرد.

بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت شەشی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت کە ١٠ ساڵە ئەنجام نەدراوە.