دەسەڵاتی ئەردۆغان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا چ کاریگەرییەکی دەبێت بەسەر سوریاوە؟
2023-05-31 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
کوردانی سوریا پێیان وایە سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر دۆخی سوریا و کورد. بابەتەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا، هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و چارەنووسی ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا لە قۆناغی داهاتوودا چۆن دەبن؟ پەنابەرانی سوریا لە تورکیا: بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ژمارەی کۆچبەرانی سوریا لە تورکیا 3 ملیۆن و 380 هەزار کەسە. دۆسیەی کۆچبەرانی سووری یەکێک بوو لە تەوەرە گەرمەکان لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکاندا. کوردەکانی سوریا پێیان وایە کە ئەردۆغان ناچارە بەڵێنەکەی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا جێبەجێ بکات و ژمارەیان لە ناوخۆی تورکیا کەم بکاتەوە. لەزگین ئیبراهیم توێژەری سیاسی ناوەندی فورات لە قامشلۆ پێی وایە وتاری ڕق و کینە لە دژی سوریاییەکان لە ناوخۆی تورکیا زیادی کردووە. ئیبراهیم گوتیشی "ئێستا ئەردۆغان ناچار دەبێت بەڵێنەکانی هەڵبژاردنەکانی سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ خاکی سوریا جێبەجێ بکات". بەپێی ئاماری ئیدارەی خۆسەر، نزیکەی 500 هەزار کوردی سەرێکانی و عەفرین دوای هێرشەکانی تورکیا لە ساڵانی 2018 و 2019 ئاوارەبوون. ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن حکومەتی تورکیا پەنابەر و کۆچبەرانی عەرەبی سوریا لە ناوچە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی نیشتەجێ دەکات. شێروان ئەحمەد، تەمەنی 46 ساڵە، لە ساڵی 2018ەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە عەفرینەوە ڕوویان لە قامشلۆ کردووە و دەڵێت ئێستا خێزانێکی عەرەبی خەڵکی شارۆچکەی خوتا شەرقیە لە ماڵەکەیاندا نیشتەجێ کراون. شێروان گوتیشی "ئەمە گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافییە نەک گەڕانەوەی سەلامەتی کۆچبەران". هەڕەشەکانی دژ بە کوردەکانی سوریا: تورکیا لە ساڵی 2016ەوە تا ئێستا 3 ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سوریا ئەنجامداوە کە دوو ئۆپەراسیۆنیان دژی ناوچە کوردنشینەکان بووە. لە ساڵی 2018 تورکیا عەفرینی کۆنترۆڵکرد و لە ساڵی 2019شدا سەرێکانی و گرێسپی کۆنترۆڵکران. لایەنە سیاسییەکانی کوردانی سوریا پێیان وایە بە سەرکەوتنی ئەردۆغان، هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمە کوردییەکانی سوریا زیاتر دەبێت. ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) کە نوێنەرایەتی سیاسی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، پێی وایە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای دوژمنایەتی کوردە. حەمزە باقی کە ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی مەسەدەیە، باوەڕی بەوە نییە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمە کوردییەکانی سوریا ڕاگیرێن. باقی گوتیشی، "ئەو (ئەردۆغان) پشتیوانی خۆی بۆ گروپە چەکدارەکانی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا زیاد دەکات، هەروەها ڕەنگە ئۆپەراسیۆنی سەربازیش ئەنجام بدات". پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا: بە گوتەی سیاسەتمەدارانی کورد، پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمەکانی سوریا و تورکیا لە ژێر چەتری ڕووسیادا بەردەوام دەبێت. ڕۆژی 10ی مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆبوونەوەی چوار قۆڵی وەزیرانی ڕووسیا، تورکیا، سوریا و ئێران لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و یەکێک لە بڕیارەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە دامەزراندنی لیژنەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. حەسەن ڕەمزی، بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) ڕادەگەیەنێت، "پرسی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا بەردەوام دەبێت و هەردوولا هەوڵی سەپاندنی مەرجەکانیان دەدەن". لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ناوچەکانی دەوروبەری بە قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە، بەتایبەتی لە دۆسیەی دەستوەردانی تورکیا لە شەڕی ناوخۆی سوریادا. چاودێران دەڵێت ئەردۆغان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوویدا ئەوە دەیاری دەکات کە چۆن تورکیا بەڕێوە بچێت، بەتایبەتی لە ڕووی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بوونی تورکیا لە سوریا، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردی سوریا. ئەمەش لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ئاشکرا دەبێت.