واشنتن پۆست: ئێران هەوڵدەدات هێرشەکانی بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا چڕتر بکاتەوە
2023-06-01 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕۆژی پێنجشەممە،1ی مانگی شەش لە ڕاپۆرتێکدا بە پشت بەستن بە قسەی کاربەدەستانی هەواڵگری و بەڵگە نەهێنییە دزەپێکراوەکان نووسیوێتی "ئێران لە ڕێگەی چەکدارکردنی میلیشیاکانی لە سوریا، ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغێکی نوێی هێرشی کوشندە دژی سەربازانی ئەمەریکا لەو وڵاتە و هاوکاتیش لەگەڵ ڕووسیا لەسەر ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ دەرکردنی ئەمەریکاییەکان لە ناوچەکەدا کاردەکات. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئێران و هاوپەیمانەکانی خەریکی ڕێکخستنی چەکدارەکانیانن و ڕاهێنانی ئەوەیان پێدەکەن کە چۆن بتوانن بۆمبی بەهێزتر لە کەناری ڕێگاوبانەکان بەکاربهێنن کە بە تایبەتی بۆ بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئەمەریکا و کوشتنی کارمەندانی ئەو وڵاتە دروستکراون. میلیشیا عێراقییەکان بە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار بە کەڵک وەرگرتن لەو جۆرە تەقەمەنیانە هێرشیان کردووەتە سەر کاروانە سەربازییەکانی ئەمەریکا. بە گوتەی شرۆڤەکارانی هەواڵگری و شارەزایانی بواری چەک، لە کاتێکدا کە بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو بە هۆی برینداربوونی شەش سەربازی ئەمەریکا و کۆژرانی بەڵێندەرێکی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە، پێدەچێت ئەو تەقەمەنییە نوێیانە ببنە هۆی بەرزبوونەوەی قوربانییەکان و ئەمەش مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا زیادتر دەکات. لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسە هەواڵییەی ئەمەریکا هاتووە کە بەگوێرەی بەڵگەیەکی نەهێنی دزەپێکراو، یەکێک لە هەوڵە ڕژدەکانی بەکارهێنانی ئەو جۆرە بۆمبانە لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی مانگی دوودا بووە کە لە لایەن هێزەکانی یەپەگەوە لە ڕۆژئاوا بەری پێگیراوە و کوردەکان دەستیان بەسەر ئەو بۆمبانەدا گرتووە. بەڵگەیەکی دیکەی نەهێنی ئەوە دەردەخات کە ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە چۆن خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە سوریا، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەریان. واشنتن پۆست نووسیووێتی به پێی هەڵسەنگاندنێکی نهێنی مانگی یەک، کاربەدەستانی سەربازی و هەواڵگری ئێران، ڕووسیا و سوریا لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، ڕێککەوتوون لە سەر دروستکردنی ناوەندێکی هاوکاری بۆ وروژاندن و هاندانی دانیشتوانی خەڵکی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا. هەرچەندە پنتاگۆن ئامادەنەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە بدات، بەڵام دوو بەرپرسی ئێستا و یەک بەرپرسی پێشووی ئەمەریکا کە دەستیان بە زانیارییە هەستیارەکانی ناوچەکە گەیشتووە، هەوڵەکانی گروپەکانی سەر بە ئێرانیان بۆ پەرەپێدانی هێرشەکان بۆ سەر ئەمەریکاییەکان لەڕێگەی بۆمبی کەناری ڕێگاوبانەکانەوە پشتڕاستکردووەتەوە. ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ناوی ئەو سێ بەرپرسەی بڵاونەکردۆتەوە. هێزەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما بۆ هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕێبەرایەتی کوردەکانی ڕۆژئاوا لە شەڕی دژی داعش ڕۆیشتوونەتە سوریا و تا ئێستاش نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکایی لە سوریان و زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە جێگیرکراون. سەرچاوە/ڕۆژنامەی واشنتن پۆست