سبەی باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز دەکرێتەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی رایگەیاند، سبەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ریاز دەکرێتەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران ISNA، کەنعانی راگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە.
کەنعانی لە راگەیەندراوەکە رایگەیاندووە: "بەمەبەستی تەواو جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئەو رێککەوتنە دوو قۆڵییانەی کە لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە ئەنجامدراون، باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ریاز، کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جیددە و نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ئێران لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە رۆژانی ٦-٧ی حوزەیران بە فەرمی دەکرێتەوە".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کردنەوەی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی گشتی بۆ خزمەتگەیاندن بە حاجیانی ئێرانی، بەر لە هاتنیان بۆ خاکی سعوودیە، بەڕێوەدەچێت.