هەواڵی کوردستان ئێستا

جێگری پارێزگاری دھۆك: قبوڵ ناكەین رەوشی ئێستا بۆ گرانفرۆشی بەكار بێنرێت

جێگری پارێزگاری دھۆك: قبوڵ ناكەین رەوشی ئێستا بۆ گرانفرۆشی بەكار بێنرێت
جێگری پارێزگاری دھۆك: قبوڵ ناكەین رەوشی ئێستا بۆ گرانفرۆشی بەكار بێنرێت

2020-04-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


دهۆك-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆك حكوومەت دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتیان لە ھەبوونی كەلوپەل و خوراكی رۆژانە، جێگری پارێزگاریش دەڵێ، لە ھیچ كەس قبووڵ ناكەن دەستكاریی نرخ بكات.

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی بازاڕ و بازرگانی جێگیرە و پێش دوو رۆژ ئێمە بەدواداچوونمان كردووە و بۆمان دەركەوتووە، كە رێژەیەكی زۆری كەلوپەل و خواردەمەنی لەنێو كۆگاكانی سنووری پارێزگای دھۆكدا ھەیە، بە تایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت خوراكی وشك بە قەبارەیەكی زۆر لەوەی پێشبینیمان كردووە لە بازاڕ و كۆگاكاندا ھەیە".

پەیوەست بە نرخی كەلوپەلیش، جێگری پارێزگاری دھۆك گوتی: "لە ھەر حەوت قەزای دھۆك، دەزگا پەیوەندارەكانی وەك ئاسایش و تەندروستی و لیژنەكانی قایمقامیەت، بەردەوام چاودێریی رەوشی بازاڕ و نرخی كەلوپەل دەكەن، لە ھیچ كەسێكیش قبووڵ ناكەین دەستكاریی نرخ بكات و رەوشی ئێستا بۆ گرانفرۆشی بەكار بێنێت".

ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "چەندین شوێن بە ھۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی حكوومەت سزا دراون و بەردەوامیش سزای ئەو كەسانە دەدرێت كە سەرپێچیی بازاڕ دەكەن".

لەبارەی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆوە، ماجد جەختی كردەوە: "ھەر ھەنگاوێكی حكوومەت بۆ قەدەغەی ھاتوچۆ، لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی كوردستاندا بووە و بۆ پاراستنی ژیانی خەڵكی كوردستانە، بێگومان لە دھۆك تادێت ھاووڵاتیان زیاتر پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزین و دەتوانم بڵێم زۆر لێی رازین".

 

قائید میرۆ