بەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی كوەیت دەستی پێكرد
دیجیتال میدیای سپێده
بەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی كوەیت دەستیپێكرد،هاوڵاتیانی كوەیت لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا پەنجا پەرلەمانتار هەڵدەبژێرن، كە لەم پڕۆسەیەدا 207 كەس خۆیان كاندید كردووە كە لەو ژمارەیەدا 13كەسیان ئافرەتن.
لە سەرانسەری كوەیت 118 بنكەی دەنگدان لە كاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی كرانەوەو بڕیارە بۆ ماوەی 12 كاتژمێر بەردەوام بێت.
هەروەها بڕیارە ژماردنەوەی دەنگەكان دەستبەجێ دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكان دەستپێبكات بۆ ئەوەی ناوی ئەو كەسانە ڕابگەیەنرێت كە دەبنە پەرلەمانتارو نوێنەرایەتی كوێتییەكان دەكەن بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو لەپەرلەمانی ئەو وڵاتە.
لەم هەڵبژاردنەدا كوێت دابەشی سەر پێنج بازنەی هەڵبژاردن كراوە،كە هەر بازنەیەك 10 پەرلەمانتار هەڵدەبژێرێت، ئەو كاندیدانەی لە رووی دەنگەوە لە 10پلەی یەكەمی هەر بازنەیەكدا دێن پلەی ئەندامێتی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەست دەهێنن.