17 ملیار دۆلاری سڕكراوی ئێران لە عێراق و كۆریای باشوور بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێنرێتەوە
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە نزیكەی 24 ملیار دۆلاری ئەژمێری بانكی وڵاتەكەیان بۆ دەگەڕێتەوە كە 17 ملیار دۆلاری ئەم پارەیە ئەوەیە كە لە عێراق و كۆریای باشوور سڕكراوە.
هەروەها دوای دیداری پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران لەگەڵ سەرۆكی جێبەجێكاری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی لە هەفتەی ڕابردوودا، بڕیاردراوە كە ئێران نزیكەی 7 ملیار دۆلاری دیكەی لە مافی راكێشانی تایبەت بەخۆی دەستبكەوێت.
ئەم گوژمەو گورزە پارەیەش پێكدێت لە 7 ملیار دۆلار لە شایستەكانی ئێران كە لە كۆریای باشوور سڕكراوە، هەروەها 10 ملیاریشی هی پارەی هەناردەكردنی غازە بۆ عێراق كە لەو وڵاتەدا سڕكراوە.
دوای گفتوگۆ و راوێژەكان كە لەمیانەی سەردانی سوڵتانی عومان بۆ ئێران و سەردانی راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ عومان ئەنجامدراون، بڕیاردراوە كە ئەم پارە سڕكراوانەی ئێران بۆ وڵاتەكە بگەڕێنرێتەوە لەمیانەی ڕێككەوتنێك كە لەگەڵ تاران كراوە.