عەبدولـلەتیف رەشید: ھەر دواخستنێکی بوودجە رێگرییە لە حکوومەت و زیان بە ھاووڵاتی دەگەیەنێت
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید رایگەیاند کە پێویستە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارێکی روون و کۆتایی بدەن لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەر دواخستنێک بۆ پەسەندکردنی بوودجە، دەبێتە رێگر لە بەردەم کار و چالاکییەکانی حکوومەت و زیان بە پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان دەگەیەنێت.
عەبدولـلەتیف رەشید راگەیەندراوێکی لەبارەی دانیشتنەکەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تایبەت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دیاری کراوە، بڵاوکردەوە.
سەرکۆماری عێراق لە راگەیەندراوەکەدا، خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە ئەنجامدانی دانیشتنەکەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی و رایگەیاندووە "گەلەکەمان بە گرنگییەوە چاوەڕوانی پەسەندکردنی بوودجە دەکەن وەک ھەنگاوێکی گرنگ بەرەو دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان و دەستکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پەرەپێدان و خزمەتگوزارییەکان".
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "لە کاتێکدا پێشوازی لە دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین بۆ پەسەندکردنی بوودجە، ھاوکات ھەوڵەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بەرز دەنرخێنین بۆ ھەنگاونان بەرەو پەسەندکردنی بوودجە، ھەروەک کاریش دەکەین بۆ پەسەندکردنی، لەم بارەیەوە جەخت دەکەینەوە کە ھەر دواخستنێک بۆ پەسەندکردنی بوودجە، دەبێتە رێگر لە بەردەم کار و چالاکییەکانی حکوومەت و زیان بە پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان دەگەیەنێت".
سەرکۆماری عێراق باسی لەوەیش کردووە کە چاوەڕوانی بڕیارێکی ڕوون و کۆتایی دەکەن لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە پەسەندکردنی بوودجە، ئەوەیش بە ئامانجی بەدیھێنانی خواستەکانی گەل و باشترکردنی ئاستی بژێوی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی، چونکە بوودجە کاریگەریی لەسەر پلانەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە دەبێت.
دوێنێ چواڕشەممە فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی دانیشتنەکەی سبەی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردەوە.
بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی سبەی پێنجشەممەی، ئەنجوومەنی نوێنەران یەک تەوەر لەخۆدەگرێت کە ئەوەیش تایبەتە بەدەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥.
بڕیاربوو لە مانگی رابردوودا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی بخاتە دەنگدانەوە، بەڵام بەھۆی ئەو گۆڕانکارییەی کە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پشکی ھەرێمی کوردستان کرابوو، دەنگدان لەسەر پرۆژەکە دواکەوت.
لە ١٣ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.
رۆژی شەشی نیسانی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتی کرد.