د.جەمال كۆچەر: لایەنێكی كوردی هەوڵدەدات بڕگەی پاشەكەوتی موچە لە بودجە لابدات
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆكی فراكسیۆن یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربارەی كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەن بە سپێدەی ڕاگەیاند: ئەگەر لێك تێگەیشتن لەنێوان لایەنەكان هەبێت و بگەنە دەقێكی نوسراو لەسەری ئەوا ئەگەر هەیە كۆبوونەوەكە بكرێت، ئەگەر نەشكرێت ئەوا بۆ ڕۆژی شەممە دوا دەخرێت.
د.جەمال كۆچەر ئەندامی لێژنەی دارایی و سەرۆكی فراكسیونی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لە دوو حاڵەتدا كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت، یەكەم ئەگەر ڕێككەوتنێك بەشێوەی نوسراو لەنێوان لایەنەكان واژۆ بكرێت، دووەم ئەگەر پارەی گوازراوە (مناقلات) بەو شێوەیە داڕێژراو ڕێكەوتنی لە سەركرا كە بەدڵی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بێت، چونكە ئەو بڕە پارەیە هی وەزارەتەكانەو هەریەك لەو دوو لایەنە دەیانەوێ پشكی پارێزگاكانی خۆیانی تێدا جێگیرو دڵنیا بكەن.
لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەو بڕگەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی گوتی: من پێشبینی دەكەم ئەو بڕگەیە لابدرێت، چونكە لایەنێكی كوردی لە ئەنجومەن لە هەوڵی ئەوەدایە ئەم بڕگەیە لە پڕۆژە یاسای بودجە لابدات، هەرچەندە شیعە كێشەی نیە لەگەڵ بڕگەكە، چونكە جێبەجێكردنی ماددەكە لەسەر بنەمای هەمان ئەو پشكەیە كە بۆ هەرێم دیاری كراوە، نەك بڕێكی دیكە لە بودجەی هەرێم بۆ بابەتی پاشەكەوت زیاد بكرێت. بۆیە ئەو لایەنە كوردیە هەوڵی جددی دەدات بۆ لادانی ئەم بڕگەیە لە پرۆژە یاسای بودجەدا.