سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا هه‌ڵده‌بژێردرێت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
له گه‌ڕی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیادا، هیچ كام له به‌ربژێره‌كان نه‌یانتوانی ٤٠٠ ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن و ببنه سه‌رۆك.
له‌ده‌نگدانی گه‌ڕی یه‌كه‌مدا ٥٨٦ په‌رله‌مانتار ده‌نگیان دا، په‌رله‌مانتاری ئیستانبوڵ ئاك پارتی، نومان كورتوڵموش ٣١٧ ده‌نگ، په‌رله‌مانتاری ئه‌نقه‌ره‌ی جه‌هه‌په، ته‌كین بینگۆل ١٣١ ده‌نگ، په‌رله‌مانتاری ئادانای یه‌سه‌په، تولای هاتیمۆغوڵڵاری ئۆروچ ٥١ ده‌نگ، په‌رله‌مانتاری ئیستانبوڵی ئیی پارتی، جیهان پاچاجی ٤٢ ده‌نگ، په‌رله‌مانتاری ئیستانبوڵی ده‌ڤا، مسته‌فا یه‌نه‌رئۆغڵو ١٦ ده‌نگ، په‌رله‌مانتاری ئانتاڵیای پارتی ئاینده، سهراپ یازجی ئۆزبودون ٢٠ ده‌نگ و په‌رله‌مانتاری هاتای پارتی كرێكارانی توركیا، جان ئاتالای سێ ده‌نگیان به‌ده‌ست هێنا و شه‌ش ده‌نگیش پووچه‌ڵ بوون.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه هیچ كام له به‌ربژێره‌كان نه‌یانتوانی دوو له‌سه‌ر سێی كۆی گشتیی ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كه ٤٠٠ ده‌نگه به‌ده‌ستبهێنن، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه‌وته گه‌ڕی دووه‌م.
له گه‌ڕی دووه‌میشدا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربژێرێك ببێته سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پێویسته دوو له‌سه‌ر سێی ده‌بگی كۆی گشتیی ژماره‌ی په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ستبهێنێت. به‌ڵام له گه‌ڕی سێیه‌مدا، زۆرینه‌ی ساده واته ٣٠١ ده‌نگ پێویسته. ئه‌گه‌ر هات و له گه‌ڕی سێیه‌مدا هیچ كام له به‌ربژێره‌كان ٣٠١ ده‌نگیان به‌ده‌ست نه‌هێنا، ئه‌وا دوو له‌و به‌ربژێرانه‌ی زۆرترین ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه ده‌چنه گه‌ڕی چواره‌م. له گه‌ڕی چواره‌مدا ئه‌و به‌ربژێره‌ی ده‌نگی زۆرتری هێنا ده‌بێته سه‌رۆكی په‌رله‌مان.