هەواڵی کوردستان ئێستا

پلانی نوێ بۆ رێگری لە نەخۆشیی كۆرۆنا لە ماڵپەڕی KDP بزانە

پلانی نوێ بۆ رێگری لە نەخۆشیی كۆرۆنا لە ماڵپەڕی KDP بزانە
پلانی نوێ بۆ رێگری لە نەخۆشیی كۆرۆنا لە ماڵپەڕی KDP بزانە

2020-04-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو رێكارانە ئاشكرا دەكات، كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دایانناوە و، باس لە قۆناغی داهاتووی رێكارەكانیش دەكات.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، چووەتە ئاستێكی دیكەوە، بە هۆی ئەو بەریەككەوتنە زۆرانە و لە دەرئەنجامی پشكنینیش دیارە كە رێژەكە زۆر زیاتر دەكات، وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستیش قۆناغی دەرئەنجامی كۆرۆنایان لە هەولێر بەرەو ئەو ئاراستەیە راگەیاند كە خراپترە لەوەی پێشبینی دەكرا، بۆیە بڕیار درا 48 كاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەندرێت، ئەمەش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە".

گوتیشی: "رێكاری نوێ دەگیرێنە بەر و ئێستاش وەزارەتی ناوخۆ سەرقاڵی وەرگرتنی پێشنیاز و بۆچوونەكانە لەلایەن پارێزگار و یەكە سەربەخۆكانەوە، كە دواتر رێنمایی نوێی پێ دەردەچێت، رەنگ بێت تەركیز لەسەر كاتی بازاڕ و ماركێتەكان بكرێت بەپێی كاتژمێر، كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی بتوانین چۆنیەتیی هەنگاوی داهاتوو دیاری بكەین، بەڵام لە رووی قەدەغەی هاتوچۆوە توندتر دەبین، وەلێ بۆ پێداویستییەكانی خەڵك پێویستە بە دیلیڤەری بگەیەنرێت، بۆ نانەواخانەكانیش رێكاری تایبەت دادەنرێت و ماركێتەكانیش بە دیلیڤەری پێداویستی بگەیەننە ماڵەكان".

عەلی رەشید ئەوەشی خستەروو: "دەبێت خەڵك پابەندی رێنماییەكان بن و لە ماڵەكانیان نەچنە دەرەوە، چونكە بەراستی دۆخەكە خراپتر دەبێت ئەگەر پابەند نەبن و لە ئەمڕۆشەوە پلان و بەرنامەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان دادەڕێژرێتەوە، چونكە بەداخەوە دۆخەكە قۆزرابۆوە، بۆیە ئەمڕۆ دووبارە پلانی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە دادەنرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "خشتەی كات و شێوازی پێشكەشكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ هاووڵاتیان پێویستن، ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كراون، بۆ ئەوەی كەمترین بەریەككەوتنی هاووڵاتیان هەبێت لە شوێنە گشتییەكانی وەكو دەرمانخانە و ماركێت و گومرگی سەوزە و میوە".

 

 كارزان  سەباح هەورامی