هەواڵی کوردستان ئێستا

سەدان راگیراو بە كەفالەت ئازاد كران

سەدان راگیراو بە كەفالەت ئازاد كران
سەدان راگیراو بە كەفالەت ئازاد كران

2020-04-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- بە ھۆی نەبوونی دەوامی فەرمی و لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستاوە، بە فەرمانی دادگاكانی تاوان سەدان راگیراو ئازاد كران، بەرپرسێكی سەندیكای پارێزەرانیش دەڵێ، بڕیارەكە تاوانەكانی قورس ناگرێتەوە و ئازادكردنەكەشیان تەنیا تا كاتی دادگاییكردنە.

ئەیاد كاكەیی، سەرۆكی لقی ھەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە ھۆی نەبوونی دەوامی فەرمییەوە، سەدان راگیراو و تۆمەتبار لە ھەرێمی كوردستان گل درابوونەوە، بەڵام بە بڕیاری حكوومەت و فەرمانی دادگاكانی تاوان، ھەموو راگیراوان بە كەفالەت ئازاد كراون تا ئەو رۆژەی دەوام دەكرێتەوە و وادەی دادگاییكردنیان دێت".

بەرپرسەكەی پارێزەران دەڵێت: "بڕیاری ئازادكردن بۆ لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستایە، بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەرەباڵغیی نێو چاكسازییەكان، كە بەپێی یاسا رێك خراوە تا ئەو رۆژەی تۆمەتبار دەچێتە بەردەم دادگا".

كاكەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئازادكردنی راگیراوان كە ژمارەیان سەدان تۆمەتبار دەبێت، ھەموو تاوانێك ناگرێتەوە و ئەوانەی تاوانی كوشتن و تیرۆر و ماددەی ھۆشبەریان ئەنجام داوە، بڕیاری ئازادكردنی بەكەفالەت نایانگرێتەوە".

 

قائید میرۆ