دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دەسپێدەكاتەوە
دیجتاڵ میدیای سپێده
بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەكانی 2023 - 2024 - 2025 ، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەمڕۆ هەینی هەڵگیرا.
دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەكانی 2023 - 2024 - 2025 ، بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و، بە ئامادەبوونی 258 ئەندام دوێنێ پینجشەممە بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا لە كۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساكە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە كراو، تێیدا ماددەكانی یەك، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندكران.
هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا دەنگدان بە ماددەی دوو لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق دواخرا و، ماددەی چواری پڕۆژەیاساكە لادرا.
دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساكە، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبووسی، دانیشتنەكەی بۆ كاتژمێر یەكـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی دواخست.
پێشتریش گوتەبێژی حكومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە سەدو 97 تریلیۆن و 8سەدو 28 ملیار دینار و، كورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵدا دەگاتە 63 تریلیۆن دینار.