هەواڵی کوردستان ئێستا

په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یادى جینۆسایدكردنى كوردانى فه‌یلیدا

په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یادى جینۆسایدكردنى كوردانى فه‌یلیدا
په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یادى جینۆسایدكردنى كوردانى فه‌یلیدا

2020-04-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


له‌ یادى چل ساڵه‌ى جینۆساید و تاوانى ڕاگواستن و بێسه‌روشوێنكردنى كوردانى فه‌یلیدا كه‌ یه‌كێكى دیكه‌ بوو له‌ زنجیره‌ى تاوانه‌كانى ڕژێمى به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لى كورد، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى داده‌نه‌وێنین و به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ڕاگواستن و ‌ده‌ركردنى سه‌تان هه‌زار كوردى فه‌یلى و بێسه‌روشوێنكردنى ده‌یان هه‌زارى دیكه‌یان، ده‌ستبه‌رسه‌رداگرتنى موڵك و ماڵ و لێسه‌ندنه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زنامه‌یان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ كوردن و پشتگیرییان له‌ شۆڕش و مافه‌كانى گه‌له‌كه‌یان كردووه‌، به‌ هه‌موو مانایه‌كى وشه‌ جینۆسایدێك بوو به‌رامبه‌ر به‌ كوردانى فه‌یلى ئه‌نجام درا.

له‌م یاده‌دا و به‌و پێیه‌ى ئه‌م تاوانه‌ى به‌عس به‌رامبه‌ر كوردانى فه‌یلى له‌لایه‌ن دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراقه‌وه‌ به‌ جینۆساید ناسراوه‌، دووباره‌ داوا له‌ حكوومه‌تى عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌ قه‌ره‌بووى كوردانى فه‌یلى بكاته‌وه‌ و ئه‌ركى یاسایى و ئه‌خلاقیى خۆى به‌جێ بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها كێشه‌ى گێڕانه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زنامه‌ و ملك و ماڵه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات.

دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان.

سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

6/4/2020