هەواڵی کوردستان ئێستا

چۆن منداڵەکانمان لە دەستدرێژیی سێکسی بپارێزین؟

چۆن منداڵەکانمان لە دەستدرێژیی سێکسی بپارێزین؟
باسنيوز

پرسی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەلایەن کەسانی دەوروبەر و نامۆوە، یەکێکە لە نیگەرانییەکانی دایک و باوکان و گرفتێکی دیاری کۆمەڵگەیە، هەرچەندە ئەمە گرفتێکی نوێ نییه و هەر لە دێرزەمانەوە و بەدرێژایی مێژوو هەبووە، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی جیهان، زۆرتر كەوتووەتە سەر زمان و رووی لە زیادبوون کردووە.

لەم وتارەدا، بە پێویستم زانی هەستیاریی ئەم حاڵەتە روون بکەمەوە، هەرچەندە بە نووسینی دەیان وتاری دیکەش لەسەر ئەم حاڵەتە کۆتایی نایەت، بەڵام بە گشتی ئەو خاڵانەی گرنگن دەخەمە روو و هیوادارم سەرجەم دایک و باوکان سوودی لێ ببینن.

رەنگە دەیان پێناسەی جیاواز بۆ ئەم حاڵەتە هەبن، بەڵام بەگشتی بەم جۆرە پێناسە دەکرێت: دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان بریتییە لە بەرکەوتنی سێکسی لەنێوان گەورەساڵ و منداڵی کەم تەمەن و خوار تەمەنی باڵغبوون، کە لەلایەن کەسێک، یان چەند کەسێکەوە لەنێو بازنەی خێزان، یان دەرەوەی بازنەکە، بە مەبەستی کپکردنەوەی ئارەزووی سێکسیی خۆیان، یان تۆڵەسەندنەوە لە خێزانەکە، ئەنجام دەدرێت و ئەمەش بە خراپ سوودوه‌رگرتن لە ئاستی هۆشیاریی منداڵ هەژمار دەکرێت و له ڕووی ئایین و یاسا و عورفی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەوە قبووڵ نەکراوە، لە هەمان کاتدا مەترسی و كاریگەریی ترسناكیشی بۆ سەر كۆمەڵگە و سەلامەتییەكەی هەیە.

لە ڕاستیدا ئەوەی کە خەڵک دەبینن و گوێبیستی دەبن، تەنیا بەشێکی بچووکە لە حاڵەتی دەستدرێژی، چونکە زۆربەی لەلایەن خێزانەکانیان دەشاردرێنەوە، یان گرنگییان پێ نادرێت، ئەویش بەهۆی ناهۆشیاریی تاک و خێزان. نەبوونی هۆشیاریی پێویست یەکێکە لە هۆکارەنی زیادبوونی رێژەی دەستدرێژی و وا دەكات منداڵان ئەو كردەوانە بەئاسانی، یان بەناچاری قبووڵ بكەن، تەنانەت ئەگەر لە ناخیشیاندا ناڕازی بن، چونکە هەمیشە باڵادەستیی بۆ كەسی دەستدرێژیکارە، هەروەها خێزانیش چاو لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە داخەن. تاکەی دەبێ ئەم حاڵەتانە بەهۆی ناهۆشیاری و شەرمێکەوە، کە لێ دروست بووە، بشاردرێنەوە و پەردەپۆش بکرێن؟

کاتێک باس لە چاودێریکردنی منداڵ دەکرێت، دەبێ ڕەگەز لەبیر بکرێت، چونکە هەردوو ڕەگەز مەترسییان لەسەرە، بۆ ئەوەی منداڵ لە هەردوو ڕەگەز هۆشیاریی پێویست بەدەست بێنن، سەرەتا دەبێ خێزان خاوەن هۆشیارییەکی بەرز بێت، تاکوو بتوانێت منداڵەکانی بە ئامۆژگاری هۆشیار بکاتەوە و پەروەردەی سێکسیی پێویست فێری منداڵەکانی بکات، هەروەها دەبێ جگە لە بازنەی خێزان، لە ناوەندەکانی خوێندنیش، بەتایبەت لە باخچەی ساوایان و قۆناغی سەرەتاییدا، مامۆستاکان چاودێریی منداڵەکان بکەن و هۆشیاریی پێویستیان پێ بدەن.

بێ گومان راستە هەبوونی هۆشیاریی تەواو و پەروەردەی سێکسی نابێتە گەرەنتیی سەد لە سەد بۆ پاراستنی منداڵەکان، بەڵام دەبنە هۆی ئەوەی منداڵ بزانێت کام رەفتار بە خراپ و نەشیاو دادەنرێت و کام رەفتار ئاساییە و هەروەها هەوڵ بدات کەس یان کەسانی دەستدرێژیکار بەپێی توانا بوەستێنێت و خۆی دەرباز بکات، یان ئەگەر لە حاڵەتێکدا رووی دا، بەبێ ترس خێزانی ئاگادار بکاتەوە و کەس یان کەسانی دەستدرێژیکار دەستنیشان و ئاشکرا بکات، چونکە دەستدرێژیی سێکسی یەکێکە لە خراپترین جۆرەکانی توندوتیژی، بەتایبەت لە بەرامبەر منداڵان، کە بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر خۆی دەردەخات، بۆیە هەمیشە باشترە پێش ڕوودانی ڕووداوێک ئاگادار بین، بۆ ئەوەی بتوانین باشترین کاردانەوە پیشان بدەین و دۆخەکە بە باشی بەڕێوە ببەین. پێش هەموو شتێک سەرەتا دەبێ بزانین، کە کام رەفتار بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ دادەنرێت؟

رەفتارەکان بریتین لە : قسەی سێکسی، دەستلێدان بە جەستە و شوێنە هەستیارەکانی منداڵ، ڕووتکردنی منداڵ، یان بینینی لە گەرماو و تەوالێت، یان لە کاتی خۆگۆڕین، پیشاندانی وێنە و ڤیدیۆی پۆرن بە منداڵ، ناچارکردنی منداڵ بۆ دەستلێدان بە ئەندامە سێکسییەکانی کەسی دەستدرێژیکار، پیشاندانی ئەندامی زاوزێ و ئەنجامدانی (دەستپەڕ) خووی نهێنی لەبەردەم منداڵ، گرتنی وێنە و تۆمارکردنی کورتەڤیدیۆ لەسەر ئەندامی سێكسیی منداڵ، هاندانی بۆ بینین، یان بیستنی کردەوەی سێکسی، ناچارکردنی بۆ لاساییکردنەوەی رەفتارە سێکسییەکان... تا دەگاتە ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی.

دەستدرێژیکاران بە سەر چەند دەستەدا دابەش دەبن؟

خاوەن نەخۆشیی دەروونی، چێژوەرگرتن بە سێکس لەگەڵ تەمەنی منداڵ، چێژوەرگرتن لە رێگەی هاوڕەگەزبازی، قەرەبووکردنەوەی کەمیی سۆزداری و سێکس، ئاڵوودەبوون بە سێکس، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و مەی، بەمەبەستی دەستکەوتنی پارە بەهۆی هەژاری و خراپیی باری دارایی.

چ هۆکارێک ئەگەری مەترسیی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ زیاد دەکات؟

- چاودێری نەکردنی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە.
- ژیان لەگەڵ یەکێک لە خێزان، یان دایک و باوکی بەخێوکەر.
- بەسەربردنی کاتێکی زۆر بەتەنیا لەگەڵ کەسێکی بەتەمەن.
- بردنەسەری ژیان لەو شوێنانەی، کە رێژەی هەژاری و تاوانیان تیادا بەرزە.
- ژیان لە گەڕەکێکی دابڕاو و دوور.

ئەو نیشانانەی لە منداڵاندا دەبینرێن و ئاگادارکەرەوەی دەستدرێژیی سێکسین:

بە بینینی یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوە لە منداڵدا، مەرج نییە بەو مانایە بێت، کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر، بەڵام هەبوونی چەند نیشانەیەک بەو مانایەیە کە پێویستە‌‌ پرسیاری لێ بکرێت، ئایا کێشەت هەیە یان نا؟ هەروەها زیاتر بەدواداچوون بۆ دۆخەکەی بکرێت. نیشانەکانیش بریتین لە:
- کێشەی نووستن، یان بینینی کابووسی شەوانە.
- تەڕکردنی جێگا، یان گۆڕینی شوێنی نووستن.
- مژینی پەنجە.
- گۆڕانکاریی لەناکاو لە شێوازی خواردن، وەک ڕەتکردنەوەی خواردن، زیادبوون یان کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.
- لەبیرچوونی کاتی.
- ترس لە مرۆڤەکان، کەسێکی دیاریکراو، یان شوێنەکان،
- بەرگری لە گۆڕینی جلوبەرگ و چوون بۆ گەرماو.
- گۆڕانی باری دەروونی (تووڕەیی، ترس، نائارامی، گۆشەگیری).
- ناونانی نوێ بۆ ئەندامی زاوزێ.
- بینینی پارە، شیرینی، یاری، یان دیاریی نوێ لە دەست و ژووری منداڵەکە و لەنێو کەلوپەلەکانی.
- داواکردن لە منداڵانی دیکە بۆ پیشاندانی ئەندامە تایبەتەکانیان.
- لاساییکردنەوەی ڕەفتاری سێکسیی گەورەکان لەگەڵ یاری، یان ئاژەڵە ماڵییەکان.
- ئاماژەدان بە ئازاردانی سێکسی لە رێگەی گفتوگۆ، وێنەکێشان، نووسین، یاریکردن.

نیشانە جەستەییەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان:

هەبوونی نیشانە جەستەییەکان، دەتوانێت پشتڕاستکەرەوەی ڕەفتار و نیشانە دەروونییەکانی منداڵەکە بێت، بۆیە پێویستە دایک و باوک لە کاتی بینینی ئەم نیشانانەدا، دەستبەجێ راوێژ بە پزیشک بکەن، بۆ وەرگرتنی نموونەیەک لە منداڵەکە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ دیاریکردنی تاوانبار و ڕێگریکردن لە ڕوودانی نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەکان لە منداڵەکەدا، نیشانانەکانیش بریتین لە: شینبوونەوە و برین لەسەر جەستە، هەبوونی ئازار و شینبوونەوە لەسەر ئەندامی زاوزێ یان کۆم، لۆچ بوونی جلی ژێرەوەی و هەبوونی خوێن لەسەری، سەختیی ڕۆیشتن یان دانیشتن، خوێنبەربوون، دەردانی سپێرم لە زێ و کۆم یان دەم، هەبوونی هەوكردن.

دوای چاودێریکردنی ئەم جۆرە نیشانانەی سەرەوە مەترسی و گومان لە دڵی دایک و باوکان دروست دەبێت بۆیە پێویستە چی بکەن؟ ئایا تا ئێستا بیریان لەوە کردووە کە بۆ چی منداڵەکەمان ئەم نهێنییەی نەدرکاندووە؟ پێش ئەوەی بڕیارێکی خراپ لەسەر منداڵ بدرێت
پێویستە دایک و باوکان بزانن هۆی باسنەکردنی منداڵە تاوانلێكراوەكان و شاردنەوەی ئەم حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەر چەند خاڵێکی گرنگ وەک: "هەست بە تاوانباری، نەشارەزایی لە چۆنیەتیی باسکردن، نەبوونی زانیاریی پێشوەختە لەسەر خراپیی بابەتەکە، هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و نەزانینی چارەسەرەکان، شەرمەزاری، هەست بە پیسبوون، ترس و دڵەڕاوکێ لە کاردانەوەی دایک و باوک، رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە لەلایەن دەستدرێژیکار، ترس له باوەڕنەکردنی خێزان، ترس لە قسەی کەسە نزیکەکان، ترس لە ناوزڕاندنی خۆی و خێزانی لەنێو کۆمەڵگە ... هتد" بۆیە زۆربەی ئەو منداڵانە دوای دەستدرێژیی سێکسی، تووشی ترس و شەرم و خەمۆکی دەبن و پێویستیان بە چارەسەری دەروونی ھەیە لە پاڵ پالپشتیی خێزان، بۆیە پێش هەموو شتێک دەبێ دایک و باوک ئارامیی خۆیان بپارێزن و پەیوەندییەکی گەرم لەگەڵ منداڵەکەیان دروست کەن و سەلامەتیی منداڵەکەیان بپارێزن و لە کەسی دەستدرێژیکار دووری کەنەوە و ژینگەیەکی ئارام و دوور لە شلەژان بۆ منداڵەکەیان دروست کەن و هەوڵ بدەن لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی ئارام و دوور لە پەلە پەل و فیشار بۆ قسەکردن منداڵەکەیان بە قسە بهێنن، بەم شێوەیە وردە وردە پرسیاری لێ بکەن و بەباشی گوێی لێ بگرن و رەفتارەکانی بنووسن و بەڵگە کۆ بکەن و لە کاتی قسەنەکردنی پێویستە داوای یارمەتی لە پسپۆری دەروونی بکرێت و دواتر منداڵەکەیان بۆ لای پزیشک ببەن بۆ ئەوەی لە سەلامەتیی جەستە و تەندروستی دڵنیا ببنەوە و دەستبەجی راپۆرتی پزیشکیی منداڵەکە ببەن و سکاڵای یاسایی لەسەر کەسی دەستدرێژیکار تۆمار کەن بەبێ ترس لە ناوزڕاندن و شاردنەوەی لە ترس و خەمی کولتوور و دابونەریت و قسەی خەڵک و هەڕەشەی دەستدرێژیکار بۆ ئەوەی کەسی دەستدرێژیکار سزای یاسایی وەربگرێت، چونکە بێدەنگی لەسەر ئەم حاڵەتە هەستیارە دەبێتە هۆی دووبارە و چەندبارە بوونەوەی دەستدرێژی لە بەرامبەر هەمان منداڵ و هەروەها هەڵکشانی ڕێژەی دەستدرێژی لەنێو کۆمەڵگە .

کەمکردنەوەی ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان
هەر لە سەرەتاوە خێزان دەبێ دروستکەری پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ منداڵەکانی بێت و هەر لە منداڵییەوە بنەماکانی پەروەردەی سێکسی فێریان بکات و هۆشیاریان بکاتەوە، چونکە بوونی پەروەردە و هۆشیاریی سێكسی بە یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی پارێزگاریكردن لە منداڵان دادەنرێت لەو ڕووداوانە و هەروەها فێری تایبەتمەندیی ئەندامە تایبەتەکان و رەفتارە مەترسیدارەکانیان بکرێت کە جەستەی تۆ تایبەت بە خۆتە و نابێت هیچ کەس دەست لە شوێنە هەستیارەکانت بدات یان بیبینێت و ئەم ئامۆژگارییانە ناو بە ناو دووبارە بکرێتەوە بۆیان، لەبەر ئەوەی بتوانن بەباشی بەرگری لە خۆیان بکەن و له ‌هه‌ر كاتێك رووبه‌رووی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بوونه‌وه‌ بتوانن روو لە خێزان کەن بۆ داواکردنی یارمەتی و هەروەها یارمەتیی پزیشک و یاسا بده‌ن، لە هەمووی گرنگتر دەبێ خێزان بەباشی شوێنی ژیان و کەسانی دەورووبەریان هەڵبژێرن، ئەڵبەتە یاسایش دەبێ سزایەکی توند بەسەر ئەوانەی کە دەستدرێژی دەکەن بسەپێنن و بە هەمان شێوە دەبێت راگەیاندن لە بڵاوکردنەوەدا ڕۆڵیان هەبێت بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی خێزان و کۆمەڵگە لە بەرامبەر بەم حاڵەتە.