English | عربي

به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشه‌وه 15 گوندى كوردانی سنوورى خانه‌قین چۆڵ كران


به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشه‌وه 15 گوندى كوردانی سنوورى خانه‌قین چۆڵ كران

2019/01/24 | 15:45

(هەواڵ كوردستان)-  

دۆخی سنوورى خانه‌قین تا دێت به‌ده‌ست تیرۆریستانى داعشه‌وه‌ به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات.

به‌رپرسێكى حزبی ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ى چه‌كدارانه‌وه‌، 15 گوندی سنوورى خانه‌قین چۆڵ كراون و ئێستاش دواى گونده‌كان، هه‌ڕه‌شه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ناو خانه‌قین و گرووپێكى چه‌كداری دروست بووه‌ و له‌نێو سه‌نته‌رى شارى خانه‌قین ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كەن.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌مه‌ل فوئاد، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى مافی مرۆڤى خانه‌قین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "جموجۆڵی تیرۆریستانى داعش له‌ سنوورى خانه‌قین زیادى كردووه‌ و زۆر جار هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گونده‌كان و چاره‌نووسی خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌ده‌ست ئه‌و تیرۆریستانه‌وه‌ نادیاره‌، ژماره‌یه‌ك گوندنشینی سنوورى خانه‌قین گونده‌كه‌یان هه‌ر به‌هۆی جموجۆڵی تیرۆریستانه‌وه‌ چۆڵ كردووه‌ و هۆكارى چۆڵكردنەکەیش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تیرۆریسته‌كان به‌رده‌وام ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و خه‌ڵك ده‌ڕفێنن و خه‌ڵكیش بۆ پاراستنی گیانیان، ناوچه‌كانیان چۆڵ كردووه، بەتایبەت گونده‌كانى ناوچه‌ى باوه‌مه‌حموود، زیاتر چۆڵ كراون".

روونیشى كرده‌وه‌، دۆخى خانه‌قین وه‌ك پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017 نییه‌، دۆخی ئه‌منى سه‌قامگیر نییه‌ و خه‌ڵك له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێدان، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش له‌ سنووره‌كه‌ كشاونەته‌وه‌، كاتێك كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ خانه‌قین بوو، خه‌ڵك زۆر ئاسایی و ئاسوودە بوو ئەگەر تا دره‌نگانى شه‌ویش له‌ده‌ره‌وه‌ بوایه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌ر له‌ ئێوارەوە‌ له‌ ماڵ ناچنه‌ ده‌ره‌وه‌".

ئه‌مه‌ل فوئاد، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دۆخی مافی مرۆڤیش له‌ خانه‌قین خراپه‌، به‌ به‌راورد به‌و كاته‌ى كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا وا نییه‌، تاقمه‌ چه‌كداره‌كان خه‌ڵكیان كردووه‌ته‌ ئامانج، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دۆخه‌کە ناله‌باره‌.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، ئازاد فایه‌ق، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی خانه‌قین- یه‌كێتی بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "داعش به‌رده‌وام جموجۆڵیان له‌ سنوورى خانه‌قین هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ گونده‌کانی كوردان و له‌ ناوچه‌ى قووڵایی سه‌ر به‌ خانه‌قین زیاتر كرده‌وه‌ى تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌و تیرۆریستانه‌ زۆر شوێنگۆڕكێ ده‌كه‌ن، واتا له‌ یه‌ك شوێنی دیاریكراودا نامێننه‌وه‌".

گوتیشی: "ئێستاش خه‌ڵكى گونده‌كانى سنوورى خانه‌قین خۆیان پاسەوانی لە خۆیان ده‌کەن، چونكه‌ هێزه‌كانى حكوومه‌تى عێراق لاوازن و ئەوان هیچ نیین".

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، له‌م رۆژانه‌ى رابردوودا، تیرۆریستانى داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندى مه‌حموود عه‌باسی سه‌ر به‌ خانه‌قین ز له‌ ئه‌نجامدا شه‌ڕ له‌نێوان پۆلیسی فێدڕاڵیی عێراق و داعش ڕووی دا و سەرەنجام ئه‌فسه‌رێكى پۆلیسی فیدڕاڵی گیانى له‌ده‌ست دا و ژماره‌یه‌ك پۆلیسی دیكه‌ش بریندار بوون.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا، داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر گوندى ئوم حونته‌ى سه‌ر به‌ ناوچه‌ى شێخ باوه‌ و خه‌ڵكى گونده‌كه‌ خۆیان رووبه‌ڕووى داعش بوونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر به‌ هۆی زۆریى جموجۆڵی داعشه‌وه‌، هێزه‌ ئاسمانییه‌كانى عێراق بۆردومانى مۆڵگه‌كانى داعشیان له‌نێو دراستانه‌كانى رووبارى ئه‌ڵوه‌ن و سیراوندا كرد.

(باس) له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ زانیویه‌تى، كه‌ داعش به‌ تایبه‌ت له‌ شه‌واندا هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گونده‌كانى سنوورى خانه‌قین و گوندنشینه‌كانیش به‌ چه‌كى خۆیان پارێزگاری له‌ سه‌ر و ماڵی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌واندا گه‌نجانى گونده‌كان له‌ شوێنی دیاریكراو پاسەوانیی گونده‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها سنوورى ناحیه‌كانى قه‌ره‌ته‌په‌ و جه‌باره‌ و گوڵاڵه‌ و سه‌عدییه‌ى سه‌ر به‌ خانه‌قینیش به‌ هه‌مان شێوه‌ى سنوورى ده‌وروبه‌رى خانه‌قین، جموجۆڵی داعشی تێدا هه‌یه‌ و به‌شێك له‌ دانیشتووانى گونده‌كانى ئه‌و ناحییانه‌ش گونده‌كانیان چۆڵ كردووه‌ و ئاواره‌ى سه‌نته‌رى شارى خانه‌قین و شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌.

هاوكات، شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، به‌رپرسی لقی خانه‌قینی پارتی، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رای گه‌یاندووه‌، پێشتر گرووپه‌ چه‌كداره‌كان به‌ ناوى داعشه‌وه‌ له‌ گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى خانه‌قین هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ كورده‌كان ده‌كرد، خه‌ڵكى زۆرینه‌ى گونده‌كان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووه‌ و نزیكه‌ى 15 گوندیش هه‌ر چۆڵ كراون، ئێستاش دواى گونده‌كان هه‌ڕه‌شه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ناو خانه‌قین و گرووپێكى چه‌كداریى 20 كه‌سى دروست بووه‌ و له‌ناو خانه‌قین ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، له‌م رۆژانه‌ى رابردوودا ته‌قه‌یان له‌ دوو مێردمنداڵ كردووه‌ و برینداریان کردوون و به‌هۆی سه‌ختیى برینەکەیەوە، منداڵێكیان گیانى له‌ده‌ست دا.

شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا، زیاتر له‌ 600 خێزان ناو شارى خانه‌قینیان جێ هێشتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چۆڵكردنى ئه‌و گوندانه‌.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار، خانه‌قینیان داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ دۆخی ئه‌منیى ئه‌و سنووره‌ تێك چووه‌، هه‌روه‌ها جموجۆڵه‌كانى داعش زیادیان كردووه‌ و له‌ شه‌هیدكردن و رفاندنى هاووڵاتییانی كوردى سنوورى خانه‌قین و ده‌وروبه‌رى به‌رده‌وامن.

 

 

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending