هەواڵی کوردستان ئێستا

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌دواداچوون بۆ دوایین پێشهاته‌كانى په‌تاى كۆرۆنا ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌دواداچوون بۆ دوایین پێشهاته‌كانى په‌تاى كۆرۆنا ده‌كات
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌دواداچوون بۆ دوایین پێشهاته‌كانى په‌تاى كۆرۆنا ده‌كات

2020-04-07 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یوه‌ندیى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان وه‌زیرانى ناوخۆ و ته‌ندروستى، پارێزگارانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رپه‌رشتیارانى هه‌ردوو ئیدارى گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، به‌دواداچوونى بۆ دوایین پێشهاته‌كانى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا كرد‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7/4/2020 سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان، دوایین پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و ڕێكاره‌كانى حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یونداره‌كانى بۆ ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى زیاترى په‌تاكه‌ تاوتوێ كرد و له‌ دۆخى پارێزگاكان و هه‌ردوو سنوورى گه‌ر‌میان و ڕاپه‌ڕین و به‌ڕێوه‌چوونى كاره‌كان و پێداویستى و كه‌موكورییه‌كان و كاریگه‌ریى ده‌رهاویشته‌ و لێكه‌وته‌كانى په‌تاكه‌ى له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستانى پرسییه‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ته‌ندروستى و پارێزگا و ئیداره‌كان و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان و پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ته‌واوى هێزه‌كانى ناوخۆ و كارمه‌ندانى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ كرد كه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌دا‌ به‌شدارن و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنى ده‌ده‌ن.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاسى هاووڵاتییانى كرد كه‌ پابه‌ندى ڕێنماییه‌كانن بۆ خۆپاراستن و داواى كرد هه‌مووان تا ئه‌وپه‌ڕى به‌رده‌وام بن له‌ پابه‌ندى و هاوكاریى هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت بكه‌ن بۆ ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى زیاترى په‌تاكه، دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ ڕێكار و ڕێنماییه‌كان و پابه‌ندیى هاووڵاتیان تا ئێستا ئه‌نجامى باشى به‌ده‌سته‌وه‌ داوه‌ و هیواى خواست به‌ هاوكاریى هه‌موو لایه‌ك ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ش تێپه‌ڕێنرێت.