هەواڵی کوردستان ئێستا

"خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان هه‌ست به‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن"

"خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان هه‌ست به‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن"

2020-04-07 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


ڕۆژئاوای كوردستان –KDP.info-  ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كورد له‌ سووریا گوتی، دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر خراپه و مه‌ترسیداره‌ و خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان هه‌ست به‌ مه‌ترسی ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌ بڵاو بێته‌وه‌ هیچ ئاماده‌كاریی بۆ نه‌كراوه‌ و په‌یه‌ده‌ش ئاماده‌ نییە ڕاستییه‌كان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكات و زانیاری به‌ خه‌ڵك بدات و ته‌نانه‌ت پشكنین بۆ گومانلێكراوانیش ناكرێت.

ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كورد له‌ سووریا، نه‌واف حه‌سه‌ن، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر خراپ و مه‌ترسیداره‌ و په‌یه‌ده‌ش هیچ ڕاستییه‌ك بۆ ڕای گشتی و خه‌ڵكی ئاشكرا ناكات و به‌رده‌وام باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن کە هیچ مه‌ترسی نییه‌، به‌ڵام خه‌ڵك خۆیان هه‌ست به ‌مه‌ترسی ده‌كه‌ن و خۆیان ناوێرن له‌ ماڵ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هیچ نییه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان ڕاگه‌یاندووه‌، به‌ڵام هیچ ئاماده‌كارییان نه‌كردووه‌ و ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ بڵاو بێته‌وه‌ هیچ ئیمكانیات نییه‌ بۆ ئەوەی ڕێگریی لێ بكرێت، بۆیه‌ خه‌ڵك زۆر هه‌ست به‌ مه‌ترسی ده‌كات."

نه‌واف حه‌سه‌ن گوتیشی: "له‌ ڕۆژئاوای كوردستان هه‌مووی ته‌نها 130 ئامێری هه‌ناسه‌دان هه‌یه‌ و په‌یه‌ده‌ش خه‌م له ‌دۆخه‌كه‌ ناخوات و ئاماده‌ش نییه‌ له‌باره‌ی ئه‌و نه‌خۆشییەوە‌ هیچ زانیاری ئاشكرا بكات و ئاماده‌ش نین هیچ پشكنین بۆ خه‌ڵك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك گومانی لێ ده‌كرێت لێی دڵنیا بن كه‌ تووشی نه‌خۆشییەکە نه‌بووبێت."

حه‌سه‌ن باسی له‌وه‌ش كرد: "به‌داخه‌وه‌ هیچ كات ڕاستگۆ نه‌بوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆیان له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ جیاوازه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ بڵاو بێته‌وه‌ و ڕێگری لێ نه‌كرێت، كاره‌سات دروست ده‌بێت."

 بڵند ئیبراهیم