"ھیچ کۆمپانیایەکی بیانی ئامادە نییە لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک کار بکات"
کەرکووک -KDP.info- نەوتی کەرکووک زیاتر لە ١١%ی نەوتی عێراق پێک دێنێت و لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـوە ھیچ کۆمپانیایەکی بیانی ئامادە نییە کار لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک بکات. پسپۆڕێکی کەرتی نەوتیش پێی وایە، ڕەوشی کەرکووک بۆ کۆمپانیا بیانیەکان سەقامگیر نییە.
پارێزگای کەرکووک خاوەنی دەیان بیری نەوتە و کێڵگەکانی 'ئاڤانە' و 'خەباز' و 'جەمبور' زۆربەی نەوتی کەرکووک پێک دێنن، دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کۆمپانیا بیانیەکان ئامادە نین کار لە بەرھەمھێنان و بەرەوپێشبردنی ئەو کێڵگانەدا بکەن.
دکتۆر عەلی بەلو، پسپۆڕی کەرتی نەوت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بڕیار بوو کۆمپانیای BPی بەریتانی کار لە پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووکدا بکات، بەڵام بەھۆی ڕازینەبوونی کورد گرێبەستی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەو کۆمانیایە ڕاگیرا."
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھیچ کۆمپانیایەکی بیانی ئامادە نییە کار لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکووکدا بکات، چونکە سەرەڕای ناکۆکیی ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر نەوتی کەرکووک، ڕەوشی کەرکووک بۆ کارکردنی کۆمپانیا بیانیەکان سەقامگیر نییە."
بەلو جەختی کردەوە: "ئێستا کۆمپانیای نەوتی باکوور بەتەنیا کار لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکووکدا دەکات و پێشتر بەشێکی نەوتی کەرکووک ڕەوانەی دەرەوە دەکرا، بەڵام ئێستا زیاتر دەدرێتە پاڵاوگە نێوخۆییەکان و تا ڕەوشی کەرکووکیش ناسەقامگیر بێت، پاشەڕۆژی نەوتەکەیشی بەو شێوەیە دەمێنێتەوە."
قائید میرۆ