هەواڵی کوردستان ئێستا

سەلاحولدین بەھائولدین.. پاشكۆی پاشكۆیەكی دۆڕاو!

سەلاحولدین بەھائولدین.. پاشكۆی پاشكۆیەكی دۆڕاو!
جەمال عەبدوڵا

ئەم سەلاحولدین بەھائولدینەی كە ئێستا خۆی و یەكگرتووەكەی خۆی ھێرشی ڕاگەیاندن دەكات و خۆیان وەك بەدیل و جێگرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە خەڵك دەناسێنن و بەم شێوەیە خۆیان خستووەتە ناو بازاڕی سیاسەتەوە، لە ڕاستیدا ئەمانە لە ڕووی ئایدۆلۆژیی سیاسییەوە ھەر پاشكۆ نین، بەڵكوو پاشكۆی پاشكۆیەكی دۆڕاون! چۆن؟

سەرنج لەو كاتە بدەن كە مامۆستا ئایدۆلۆژییەكەی سەلاحولدین بەھائولدین، واتە (حەسەن ئەلبەنا)ی دامەزرێنەر و مورشیدی ئیخوان موسلیمینی تیا دروست بووە، حەسەن ئەلبەنا چوار ساڵ دوای ڕووخاندنی ئیپراتۆرییەتی عوسمانی و بەفەرمی كۆتاییھێنان بە حوكمی خەلافەتی عوسمانییەكان دروست دەبێت، چونكە ڕووخاندن و بەفەرمی كۆتاییھێنان بە حوكمی خەلافەتی عوسمانی، ساڵی 1924 بووە و حەسەن ئەلبەناش وەك ئەوەی تیر لە جگەری چەقیبێت، ئەمەی زۆر پێ ناخۆش دەبێت و لە ساڵی 1928 و لە میسرەوە، لە ڕێگەی دامەزراندنی ئیخوان موسلیمینەوە، ھەوڵ دەدات سەرلەنوێ ئیمراتۆرییەتی ئیسلامیی خەلیفە و خولەفا زیندوو بكاتەوە و دابمەزرێنێتەوە.

واتە حەسەن ئەلبەنا خۆی لە خۆیدا پاشكۆی ئایدۆلۆژیی خەلیفەكانی عوسمانی بووە، جا سەیر ئەوەیە كە ھەر ئەم ئیخوانە میسرییەی پاشكۆی خەلیفەكانی عوسمانی، لە قاھیرە خۆیان دۆڕاون، كەچی سەلاحولدین بەھائولدین لە خورماڵەوە دەبێتە پاشكۆی ئایدۆلۆژیی حەسەن ئەلبەنای لە میسر دۆڕاو و دەیەوێت لە خورماڵ و سیروان و زەڵم و زەڕایەنەوە، حوكمی خەلیفە ببێتە بەدیل و جێگرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان!

ئاخر ئەوە بۆیە ناونیشانی وتارەكەم بریتییە لە (سەلاحولدین بەھائولدین.. پاشكۆی پاشكۆیەكی دۆڕاو)! چونكە حەسەن ئەلبەنا خۆی پاشكۆ بووە و دۆڕاویشە، ئێ سەلاحولدین بەھائولدینیش پاشكۆی ئەم حەسەن ئەلبەنا پاشكۆ دۆڕاوەی میسرە، ئەی ئیتر چۆن بە سەلاحولدین بەھائولدین نەڵێم پاشكۆی پاشكۆیەكی دۆڕاو؟ خۆ بە شێوەیەكی دیكەش، دەتوانین بە دوو وشە ئەمە بۆ سەلاحولدین بەھائولدین كورت بكەینەوە و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە پێی بڵێین (دەبڵ پاشكۆ.)

جا ئێستا دوای دۆڕاندنیان، ئیخوان موسلیمینە میسرییەكانی مامۆستای مامۆستا سەلاحولدین بەھائولدینەكەی یەكگرتووی ئیسلامی، بوونەتە چەند گرووپێكی ڕاكردووی سەرگەردان و بە ئیستانبۆڵ و لەندەن و ھەندێك لە وڵاتانی دیكەی ئەورووپادا بڵاو بوونەتەوە و ئەو وڵاتانەش بەگوێرەی پێویستیی خۆیان و بۆ ئەجێندای سیاسیی خۆیان، كەی پێویست بێت دەیانجووڵێنن و بەكاریان دێنن، خۆ ھەر كاتێكیش پێویست نەبێت، دەمیان پێدادەخەن و ناھێڵن فززە بكەن.

بۆ نموونە، ئەو كاتەی حوكمی فاشیزمی ئیخوانی محەمەد مورسییان لە قاھیرە لەگۆڕ نا، بەشێك لە ئیخوانەكانی قاھیرە بە پارە و سەروەت و سامانێكی زۆرەوە ڕایانكرد بۆ توركیا، ئەو كاتانە پەیوەندییەكانی نێوان میسر و توركیا گرژ بوو، بۆیە توركیا ئاسانكاریی بۆ دەكردن كە لەسەر خاكی توركیا بحەوێنەوە و كاری سیاسی و ڕاگەیاندنیش دژی میسر بكەن، بەڵام كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ویستی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و میسر ئاسایی بكاتەوە، ئیتر ئەردۆغان وەك كەسێكی سیاسیی پراگماتی، سنووری بۆ ئیخوانە ڕاكردووەكانی قاھیرە دانا و پێی گوتن، یان بێدەنگ دەبن و دژی میسر ھیچ ناكەن و ھیچ ناڵێن، یان بنكە و بارەگاتان بپێچنەوە و بۆ كوێ دەچن بچن!

دوای ئەمە، ھەندێك لەو ئیخوانانەی میسر كە لە توركیا بوون، ملی ڕێگەی ھەندێك لە وڵاتانی ئەورووپایان گرتە بەر و ئنجا ئیتر نۆرەی ئەوەیە كە ھەر وڵاتێكی ئەورووپا كێشەی لەگەڵ میسردا ھەبێت، دیسانەوە ئیخوانەكانی میسر وەك ئامێرێك دژی میسر بەكار بێنێت، ھەتا ئەو كاتەی كە ئەمانیش پەیوەندییەكانیان لەگەڵ میسر ئاسایی دەبێتەوە و دیسانەوە ئەمانیش بە ئیخوان دەڵێن، یان بێدەنگ بن، یان بڕۆن! یەعنی ئیخوان موسلیمین بووە بە كۆمپانیا سەربازی و ئەمنییەكەی واگنەرە ڕووسییەكەی یەڤگینی پریگۆژین، بەڵام واگنەرێكی ڕاگەیاندن و ھەر وڵاتێك چۆنی ویست ئا ئەوھا دژی نەیارەكانی خۆی بەكاریان دێنێت!

لەبەر ئەوە، بە دووری نازانم ھەروەك چۆن پێشتر توركیا و ئێستاش ھەندێك لە وڵاتانی دیكە، ئیخوان دژی میسر بەكار دێنن، ئا ئەوھا سەلاحولدین بەھائولدینیش بە خۆی و یەكگرتووەكەی خۆیەوە، دژی ھەرێمی كوردستان بەكار بێنن، ئەگینا سەلاحولدین بەھائولیدن گۆشتی چییە و گۆشتاوی چییە، ھەتا خۆی وەك بەدیل و جێگرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بخاتە ناو بازاڕی سیاسەتەوە؟ ئەو زمانی ڕاگەیاندنەی حزبەكەی سەلاحولدین بەهائولدین و شڕە پەیجەكانیان، كە پڕە لە درۆودەلەسە و بوختان ھەڵبەستن، ئەوە زمانی ھێرشبەرانەی ئەوانەیە، كە بۆ دڵۆپێك خوێنی كورد دەچن بە ئاسماندا، زمانی ئەوانەیە كە ئەگەر پێیان بكرێت و دەرفەتیان ھەبێت، سێ و دوو لە ئەنفالكردنێكی دیكەی كورد ناكەن!