هەواڵی کوردستان ئێستا

پەیوەندی نوێی هەولێر و بەغدا و چەند پێشنیازێک

پەیوەندی نوێی هەولێر و بەغدا و چەند پێشنیازێک
پەیوەندی نوێی هەولێر و بەغدا و چەند پێشنیازێک

2023-08-16 00:00:00 - سەرچاوە: کەنعان شێخۆ

کەنعان شێخۆ

1- لەوەتەی عێراق دامەزراوە، کوردستانی بە عێراق لکێندراو وەک ئامرازێک بۆ هاوسەنگی هێز، بەتایبەتی لەلایەن ئینگلیزەوە، بەکارهێنراوە. رۆڵی کورد لە ناوچەکە، ئێستاشی لەگەڵ بێت، لەم کۆنتێکستەدایە.

2- زلهێزەکان، ئەمریکا و رۆژئاوای ئەوروپا و، چین و رووسیا سیاسەتێکی دیاریکراویان تایبەت بە کورد نییە. ئەم زلهێزانە دژ بەیەک و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێزە هەرێمییەکان دەخەنە جووڵە، لەم چوارچێوەیەدا رۆڵێک بەر کورد دەکەوێت، وەلێ لەهەمان کات، زلهێزەکان دڵنیان لە کورد و، بوونیان لە ناوچە کوردستانییەکان هاسانترە و کەمتری تێدەچێ، بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

3- کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هێڵی لێکخشاندنی یەکەمدایە لەگەڵ عەرەب، تورک و فارس. بەواتایەکی دیکە، هەر بەهێزبوونێکی کورد، لەسەر حیسابی بێهێزبوونی ئەو سێ نەتەوەی دیکە لە ناوچەکە دەبێت. بەپێچەوانەش راستە، هەر بەهێزبوونێکی ئەوانەی دیکە لەسەر حیسابی کورد دەبێ! هەر لەبەر ئەوەشە ئەم سێ نەتەوەیە رێ لەهەر فراژووبوون و بەهێزبوونێکی کورد دەگرن و دژایەتی دەکەن. بەغدا بەهێزبێ واتە کوردی باشوور بێهێز دەبێ! 

لەلایەکی دیکەوە، ئەوەی باری کورد دژوارتر دەکات ئەوەیە کە ئەو سێ نەتەوەیە بە پرۆسەی بەدیموکراتیبوون گوزەریان نەکردووە تاوەکو مافەکانی کورد بە رەوا ببینن و دان بە مافە رەواکانی کورد بنێن. 

4- بەداخەوە زۆربەی رێککەوتنەکانی کورد لەگەڵ بەغدا یان ئەنکەرە یان تاران لە 100 ساڵی رابردوو سیمای رێککەوتنی ستراتیژی درێژخایەنی وەرگرتووە، لەکاتێکدا رێککەوتنی ستراتیژی درێژخایەن، بەتایبەت لەباری کورد کە بێ دەوڵەتە و لەناو سنووری دەوڵەتانی ئەو سێ نەتەوەی دیکە دەژی، دەبێتە بەهێزبوونی لایەنی بەرامبەر لەهێڵی لێکخشاندنی یەکەم  لەنێوان کورد و لایەنی بەرامبەر.

سەرباری ئەوە، ئەوروپا و ئەمریکا کە ئەو حاڵەتە لە کورد دەبینن، دەڵێن، باشە ئێمە دەمانەوێ پشتگیری لە کورد بکەین، بەڵام ئەوە نییە کورد خۆی بەرامبەرەکەی بەهێز دەکات!

کورد چی بکات؟

5- پێویستە هەموو لایەن و هێزە کوردستانییەکان کۆببنەوە و، لەسەر "پەیمانێکی نیشتمانی" رێکبکەون، کە بەندەکانی رەهەندە گرنگەکانی ئاسایشی نەتەوەیی کورد لەخۆبگرێت. ئەو پەیمانە دەبێت ببێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ هێزە کوردستانییەکان بۆ پەیوەندی نێوماڵی کورد و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بەغدا.

6- تاوەکو کورد ناچاربێت لەناو سنووری ئەو وڵاتانەی ئێستا بژی، پێویستە هەوڵبدرێت رێککەوتنەکانی کورد لەگەڵ بەغدا یان ئەنکەرە یان تاران سیمای رێککەوتنی کورتخایەنی تەکتیکی وەربگرێت، نەک رێککەوتنی ستراتیژی درێژخایەن (لەسەرەوە باسمان کرد بۆ).

7- دەبێت کورد زۆر بە وردی و زۆر باش خۆی بۆ یاسای نەوت و گاز ئامادە بکات.

8- نابێ هەرێمی کوردستان هەموو ئامرازەکانی گوشار و دەسەڵات رادەستی بەغدا بکات. دەبێ هەوڵبدرێت جۆرێک لە هاوسەنگی هەبێ لەنێوان هەولێر و بەغدا.

9- مەرج نییە هەر بابەتێک کە بەغدا بەرامبەر بە هەولێر دەیورووژێنێ، رەوا بێت. دەبێت شیکردنەوە بکرێت، تاوەکو چەند ئەم بابەتە لەگەڵ دەستوور تەبایە. باشتریش وایە هەولێر بابەت بەرامبەر بەغدا بورووژێنێ. 

10- پێویستە کورد، بێ گوێدانە پێگەی کورد لە بەغدا، لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەتایبەتی دەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا بەردەوام بێت.

11- پرسی کورد رەوایە، دۆزی کورد بەپلە یەک نیشتیمانی - نەتەوەییە. ماوەیەکە لایەنی ئابووری پتر زاڵە لەم پرسەدا. دەبێ هاوسەنگییەک هەبێ لەنێوان چەمکی نیشتیمانی - نەتەوەیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی - ژیاریی لەم رەهەندەدا.

12- ناکرێ لە کەرکووک و، لە سەرگەڕان (چەند کیلۆمەترێک خوار هەولێر)، عارەب هەرچی قڕێژە بەسەر کوردی ببارێنێ و، لە ‌هەولێر و سلێمانی و، لە هەرێمی کوردستان بەگشتی، موڵک سووک و هاسان لەسەر عەرەبان تاپۆ بکرێ! راستە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، لێ بەدەست کوردەوەیە، هاسانکاری دەکات، یان رێگەکە لەبەر دەمیان سەخت دەکات.

ناکرێ هاسانکاری بۆ ئەو عەرەبانە بکرێت، کە ماڵ و منداڵیان دێننە هەولێر (لەبەرئەوەی بڕوایان بە هاونەتەوەی خۆیان نییە) و،  لە بەغداش باس لە (شمالنا الحبیب) دەکەن و تاوەکو سەر ئێسک دژایەتی کورد دەکەن! 

13- با لەم خاڵەدا رۆڵەکان بگۆڕینەوە؛ با بڵێین، گریمان ئەوە کوردە لە بەغدا دەسەڵاتی عێراقی بەدەستە و عەرەب لە هەولێر دەسەڵاتدارە و، کورد لە بەغدا ئەو رەزالەت و سووکایەتییە بە عەرەب دەکا لە هەولێر و پارە نانێرێتە هەولێر و دان بە مافە رەواکانی نانێت!  پرسیار دەکەم، ئایا عەرەب لە هەولێر ئەوکات دەستیان بۆ ئامرازی گوشار "ئاو" نەدەبرد؟

بەس سەرنج بدە، تورکیا چۆن ئاو وەک ئامرێزێکی گوشار و دەسەڵات دژی عێراق بەکاردێنێت.

14- ئەگەر ئینگلتەرا و فەرەنسا نەبان، کورد تووشی ئەو هەموو دەردەسەرییەی سەت ساڵی رابروو نەدەبوو. کەواتە دەبێ کورد زۆر بە چڕی و راشکاوانە گوشاری دیپلۆماسی "مۆراڵی"  بخاتە سەر ئینگلتەرا و فەرەنسا بۆ راستکردنەوەی ئەو بارە لێژەی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستیان کردووە، کە تێیدا کورد زەرەرمەندی سەرەکی بووە. ئەو چەمکە ئامرازێکی گوشاری بەهێز و کاریگەرە بەدەست کوردەوە کە دەبێ کورد بێوچان، بەردەوام و بابەتییانە کاری لەسەر بکات.

15- رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە گەنجینەیە، پێویستە هەوڵبدرێت ئەو گەنجینەیە چاڵاکتر و کاراتر بکرێت و کەڵک بەتایبەتی لە لێهاتووان وەربگیرێت بۆ لۆبییەک و پاڵپشتییەکی باشتر بۆ کوردستان.

 

کۆنسوڵی شانازی پێشووی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان

هانۆڤەر، ئەڵمانیا