سەندیكای پزیشكان بۆ KDP: هاووڵاتیان پابەندبن كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ دەكرێت
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان رایدەگەیەنێت، رێكارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، جێگای دەستخۆشین و ئەگەر هاووڵاتیانیش پابەندی رێنماییەكان بن، لە ماوەیەك كەمدا كۆنتڕۆڵی نەخۆشییەكە دەكرێت.
د. باساك بەرزنجی، سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو رێكارێكی پێویستی بۆ روبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنای گرتووەتە بەر و بگرە لە زۆر وڵات رێكارەكانی باشترن و هەرچی لە توانایدا بێت كاری لەسەر كردووە، بۆیە حكوومەت درێخیی نەكردووە و بەردەوامیش رێنمایی دەردەكەن بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
بەرزنجی گوتیشی: "ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەكان بن و لەماڵەوە بمینێنەوە و لە دەرەوەش كەمامە و دەستەوانە بەكار بێنن، لە ماوەیەكی نزیكدا حكوومەت كۆنتڕۆڵی نەخۆشییەكە دەكات، بە تایبەت بەرەو گەرما دەچین، بە پێچەوانەوە نەخۆشییەكە درێژە دەكێشێت، بۆیە داوامان لە هاووڵاتیان ئەوەیە هاوكاریی حكوومەت بكەن و پابەندی رێنماییەكان بن".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات، رەنگە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی عێراق قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكاتەوە، بۆیە باشترە هاووڵاتیان پابەند بن، بۆ ئەوەی بتواندرێت بە زوویی پەتاكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و دۆخەكەش ئاسایی ببێتەوە.
بڵند ئیبراهیم