لیژنەی پێشمەرگە ئیدانەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات
هەولێر-KDP.info- لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو هێرشەی تیرۆریستانی داعشیان لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە کرد، ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:
وەکو لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە ناحیەی کوڵەجۆ لە گەرمیان دەکەین، کە بەداخەوە دوو پێشمەرگەی لیوای ٥ی شارەزوور بە ناوی سورکێو ڕەشید و ئیسماعیل فارس شەهید بوون و سەرەخۆشی لە خانەوادە بەڕێزەکەیان دەکەین. لێرەدا وەک لیژنەی پێشمەرگە هەرزوو لە ڕێگەی ڕێڤینگ هرووری، سەرۆکی لیژنە و، عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنە پەیوەندی کراوە بە فەرماندەکانیان و بە فەرمی لە ڕێگەی ڕزگار محهمهد، بڕیاردەری لیژنەوه، لیژنەیەکمان پێک هێناوە بۆ سەردانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شوێنی شەڕەکە بۆ ئەنجامدانی بەدواداچوونی پێویست.
بەداخەوە تیرۆریستان سوودیان لە بۆشاییی ئەمنی بینیوە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق، ئێمە وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە چەندین جار باسی مەترسیی بۆشاییی ئەمنیمان کردووە، بەتایبەت لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، ئەمەش بووەتە هۆکار کە تیرۆریستان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بۆیە داواکارین لە هێزی هاوپەیمانان و هێزەکانی عێراقی کە زیاتر هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بن بۆ پاراستنی سنوورەکان. وەک لیژنەی پێشمەرگە لە ماوەی ڕابردوودا بەدواداچوونی مەیدانیمان کردووە لە میحوەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر کەمیی ئیمکانیاتی هێزەکانی پێشمەرگە، هەموو داواکارییەکانیان لە کەلوپەل و چەکی پێویستی سەربازی و بەهێزکردنی سەنگەرەکانیان و شێوازی دەوامکردن و باری گوزەرانی ژیانیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە. وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین کە سەرەڕای شەونخونی و ئەنجامدانی ئەرکە سەختەکانیان، هەروەها ئەرکی شانیان لهگهل تیمهكانی تری بهرهنگاربوونەوەی ڤایڕۆسی كۆڕۆنا له ههرێم ئەنجام دەدەن. هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و سەرجەم پزیشک و کارمەدانی تەندروستی دەکەین کە لەم دۆخە سەختەدا پێشمەرگەئاسا خۆیان خستووەتە مەترسییەوە بۆ پاراستنی خەڵک لەم نەخۆشییە و سوپاسی ڕێکارە ئەمنی و تەندروستییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە.
لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان
8/4/2020