هەواڵی کوردستان ئێستا

"لە ئامێدی شوێن بۆ چارەسەرکردنی ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە کراوە"

"لە ئامێدی شوێن بۆ چارەسەرکردنی ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە کراوە"

2020-04-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp



ئامێدی- KDP.info -  قەزای ئامێدی لە پێنج ناحیە پێک ھاتووە و بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزاکەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ئامێدی و شیلادزێ، شوێن بۆ چارەسەرکردنی ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە کراوە.

د. شاکر عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئامێدی ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەنێو سەنتەری قەزای ئامێدی سێ شوێن تایبەت کراون بە چارەسەرکردنی کۆرۆنا و لە ناحیەی شیلادزێش شوێنی تایبەت ئامادە کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست پێشوازی لە نەخۆش بکات."

بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی گوتیشی: "تا ئێستا ١٣٠ پشکنین بۆ ئەوکەسانەی گومانیان لەسەرە ئەنجام دراوە و دوو حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئامێدی تۆمار کراوە، بەڵام ڕەوشی تەندروستیان جێگیرە و کۆمەڵگەی قەدش کەرەنتین کراوە بۆ ماوەی دوو حەفتە."

د. شاکر عەبدولعەزیز ڕوونی کردەوە: "ھەرچەندە تا ئێستا پێویستمان بە ئامێری ھەناسەی دەستکرد نەبووە، لەگەل ئەوەشدا داوامان کردووە ئامێری ھەناسەی دەستکرد بۆ قەزای ئامێدی دابین بکرێت و سوپاسی خەڵکی خۆمان دەکەین، کە تا ڕادەیەکی زۆر پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزین."

 

قائید میرۆ