نێچیرڤان بارزانى سەردانى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان دەکات
هەولێر-KDP.info- سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە هەوڵ و کۆششەکانى بۆ یەکڕیزى و تەبایى لە هەرێمى کوردستان و یەکهەڵوێستیى لایەن و پێکهاتەکان بەرامبەر بە پێشهات و ڕووداوەکان لە عێراق و ناوچەکە بەردەوام دەبێت، هەموو تواناکانیش بۆ دروستکردن و سەرخستنى پێکهێنانى هاوپەیمانیى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەخاتە گەڕ.
پێشیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 3/12/2019 لە هەولێر بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە یاوەریى بەڕێزان جێگرانى سەرۆک، سەردانى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستانى کرد و لەگەڵ بەڕێز سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانى یەکگرتوو، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى وڵات، لێکەوتەکان و کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان، گرنگیى تەبایى و یەکڕیزیى لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا، دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و ڕووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى تاوتوێ کران.
بەڕێز ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان، هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانى لەپێناو تەبایى و یەکڕیزى و کارى پێکەوەییى لایەنە کوردستانییەکان بەرز نرخاند و پشتگیریى خۆى و یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستانى بۆ دووپات کردەوە.