هەواڵی کوردستان ئێستا

لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد

لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد

2020-04-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/8 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرد ، دوای ئەوەی پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراو و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستانیش بڵاوکرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی میکانیزم و چوارچێوەی یاسایی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا.

سەرۆکی حکومەت بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە جەختی لەوە کردووە کە ئەنجامدانی چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانجیش لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و شایستەبوونە و دەبێ هەموو بوار و سێکتەرەکانیش بگرێتەوە، دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی یاسایی مووچەخۆرانی ڕاستەقینە و شایستە ئامانجی سەرەکیمانە.

دوای ئەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان راپۆرتی تایبەتیان سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو. لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد، و گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت ڕاسپێردران بە پێکهێنانی لیژنە لاوەکیەکان و دەستبەکاربوونیان لە زووترین کاتدا لە چوارچێوەی ماددە و بڕگەکانی یاسای چاکسازیی.