هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاری هۆزە عەرەبەکان دەدات
2023-09-08 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کوردەکانی سوریا ڕابەرایەتی دەکات و لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت بەڵێنیدا داوای هۆزە عەرەبەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێ بکات و "ئەو هەڵانە" ڕاست بکاتەوە کە وتی لە بەڕێوبەرایەتیکردنی ناوچەکەدا هەبوون، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کە بەهۆی شەڕە کوشندەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووەوە دروست بووە. هەفتەی ڕابردوو بەهۆی یاخیبوونی چەکدارەکانی هۆزە عەرەبەکانەوە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دەیرەزوور ژمارەیەک کەس کوژران، ئەوەش یەکەمین یاخیبوونی لەوشێوەیە بووە لە دوای ئەوەی هێزە کوردییەکانی ناوچەکە چوار ساڵ لەمەوبەر بە یارمەتی ئەمەریکا چەکدارانی ڕێکخراوی داعشییان لە ناوچەکەدا دوورخستەوە. یاخیبوونەکە بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان بدات، ئەوەش بەهۆی ئەگەری ئەوەی ڕێکخراوی داعش یاخود هێزەکانی حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد سوود لە هەر ململانێیەک لە ناوچەکەدا وەربگرن. لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی وتی لەگەڵ ڕابەرانی هۆزە عەرەبەکاندا کۆبووەتەوە و ڕێز لە داواکانییان دەگرێت بۆ ئازادکردنی دەیان چەکداریی ناوخۆ کە بەشدار بوون لە یاخیبوونەکەدا، کە لە ماوەی دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستبەسەرکرابوون. عەبدی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە ڕۆیتەرزی وت " بڕیارێکمان هەیە بۆ لێخۆشبوونی گشتی لە هەموو ئەوانەی بەشدار بوون. تاوەکو ئێستا نیوەی ئەوانەمان ئازاد کردووە کە دەستگیرمان کردبوون، ئەوانی دیکەش ئازاد دەکەین." عەبدی بەڵێنیدا میوانداری کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بکات لەگەڵ ڕابەرانی هۆزە عەرەبەکان و نوێنەرانی دیکەی دەیرەزووردا، ئەوەش بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانییاندا، لە خوێندنەوە بۆ ئابووری و ئاسایش. دانیشتوانی عەرەب لە دەیرەزوور دەڵێن بەڕێوبەرایەتییەکەی ناوچەکە بە ڕابەرایەتی کوردەکان جیاکاری دەکات دژییان و بەشی خۆیان لە سامانی نەوتی ناوچەکە ناداتێ. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا دەکات، عەبدی دانی بەوەدانا کە " هەندێک کەموکورتی " هەبوون لەوەدا کە ئەنجومەنە ناوخۆییەکان لە چەندین هۆزی جیاواز پێکهاتوون. وتی " بۆشایی هەن و هەڵەش هەبوون." هێزەکانی سوریای دیموکرات کە پێکهاتوون لە هێزە کوردییەکانی یەپەگە و چەکدارە عەرەبەکان، هاوبەشێکی سەرەکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بوون کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات. یەک لەسەر سێی سوریای لە ژێر دەستدایە، بە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان و ئەو ناوچانەشەوە کە نزیکەی 900 سەربازیی ئەمەریکایی لێن. عەبدی بەڵێنیدا ئەنجومەنی سڤیلی پارێزگاکە و ئەنجومەنی سەربازیی دەیرەزوور و عەرەبەکانی ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات دووبارە پێکهاتەکەیان ڕێکبخاتەوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی " نوێنەری زیاتر هەبن لە سەرجەم هۆز و پێکهاتەکان لە دەیرەزووردا." شەڕ و پێکدادانەکان دوای ئەوە ڕوویاندا کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرۆکی ئەنجومەنەکەیان دەستگیرکرد کە بە ئەبو خەولە ناسراوە، ئەوەش بە تۆمەتی گەندەڵی و چەندین پێشێلکاری دیکەوە. لە بەرامبەر ئەوەدا هۆزە هاوپەیمانەکانی ئەبو خەولە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات یاخیبوون. هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێکخراوی داعس داوای کۆتایی هێنانی کردووە بە توندوتیژییەکان و دەڵێت هەر لادانێک لە شەڕی دژ بە داعش دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی دووبارە سەرهەڵدانەوەیان، هاوکات ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا سەردانی ناوچەکەیان کرد. عەبدی وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچەکە ناکشێنەوە. وتی " ئێمە کراوەین بە ڕووی هەر ڕەخنەیەکدا، تاوتوێیان دەکەین و زاڵ دەبین بەسەرییاندا.. ئەنجامەکەشی گەڕانەوەی هێزەکانی دیموکرات دەبێت بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە و تەنانەت بە شێوەیەکی بەهێزتریش." هەروەها حکومەتی سوریاشی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دروستکردنی کێشە و وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆمەڵە چەکدارێکییان دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بە دیمەشقەوە هەیە و پەیوەندییان بە هێزە یاخیبووەکانەوە کردووە، وتیشی ئەو چەکدارانە بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی نایانگرێتەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز