قایمقامی سیدەکان: پەكەكە ڕێگە سەرەكییەكانی بۆمبڕێژ كردووە و دەیەوێ بە پێشمەرگەدا بتەقنەوە
2023-09-15 00:00:00 - سەرچاوە: باسنيوز
قایمقامی سیدەکان ئاشكرای كرد، لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ەوە سەرجەم ڕێگە سەرەكییەكانی سنوورەكەیان بۆمبڕێژ كراوە و ئەو حزبە دەیەوێ بۆمبەكان بە پێشمەرگەدا بتەقینەوە. ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بە (باسنیوز)ی راگەیاند؛ رێگا سەرەکییەکان بە تایبەت رێگای کوێستانەکان لە لایەن پەکەکەوە بۆمبڕێژ كراون، ”ئامانج لەم کارەش بۆ ئەوەیە ئەگەر جوڵە و پێشکەوتنێک لەلایەن پێشمەرگەوە هەبێت، پێیاندا بتەقێتەوە، یان بە هاونیشتمانیان بتەقنەوە و بڵێن تورکیا بۆمبی داناوە، حاڵەتمان هەیە کە حەفت کەس بۆمبیان پێدا تەقیوەتەوە و یەک لەوانە کە پاسەوانی سنوور بوو، دوو مانگ پێش ئێستا گیانی لەدەست دا، شەش کەسی دیکەیان بریندار بوون.“ هاوکات ڕوونیشی كردەوە: ”ئەو شوێنانەی لە 2017 پەکەکەی تێدا بوون، ئێستا هێزکانی تورکیا جێگەیان گرتوونەتەوە و لەژێر دەستی ئەواندایە، پەکەکە بیانووی داوەتە تورکیا بۆ ئەوەی ئەم سنوورانە ببەزێنێت، ئەگەر پەکەکە نەبوایە، هیچ بیانوویەک بۆ تورکیا نەدەبوو كە بارەگای سەربازی لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان دروست بکات.“ قایمقامی سیدەکان گوتیشی: ”ئەمساڵ لە کوێستانەکە، لە لایەن پەکەکەوە باج و سەرانە لە خەڵكی وەرگیراوە، تا ئێستا 118 گوند بەهۆی پەکەکەوە چۆڵکراوە و ئاوەدان نەکراونەتەوە، پەکەکە هاووڵاتیانی ئێمە وەک قەڵغان بەكار دەهێنێت، دەچن تەقە لە بارەگاکانی تورکیا دەکەن و خۆیان دەکەن بە گوندەکاندا، بەم هۆیەشەوە تورکەکان دەچنە نێو گوندەکانەوە و وەڵامیان دەدەنەوە، لەم نێوەندەش خەڵكی ئێمە زەرەرمەند دەبن.“ لەبارەی روودانی شەڕ لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و پەکەکە كە شەوی رابردوو دەنگۆیەكی لەم شێوەیە بڵاو كرایەوە، ئیحسان چەلەبی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”زانیاریمان لەسەر ئەمە نییە، بەڵام دوو بارەگای پاسەوانی سنوور هەن، ویستوویانە هێزەکانی خۆیان زیاد بکەن.“