هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆکی سوریا دەگاتە چین

سەرۆکی سوریا دەگاتە چین
سەرۆکی سوریا دەگاتە چین

2023-09-21 19:22:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە چین، ئەمەش یەکەم سەردانی ئەسەدە بۆ ئەو وڵاتە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی 12 ساڵەی سوریا، کە لەو ماوەیەدا بەیژینگ یەکێک بووە لە لایەنگرانی سەرەکی ئەو وڵاتە. بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی چین "سی سی تی ڤی"، ئەسەد و هاوسەرەکەی "ئەسما فەواز ئەسەد" ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتوونە شاری هانگژۆی لە ڕۆژهەڵاتی چین. لە کاتێکدا ئەسەد هەنگاوی زیاتر دەنێت بۆ کۆتاییهێنان بە 10 ساڵ گۆشەگیریی دیپلۆماسی لەنێوان سزاکانی ڕۆژئاوادا. وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، ئەسەد بەشداری لە مەڕاسیمی کردنەوەی یارییەکانی ئاسیا دەکات، کە چالاکییەکی وەرزشی نێودەوڵەتییە و لە ڕۆژی شەممەوە لە شاری هانگژۆ دەستپێدەکات. نوسینگەی ئەسەد پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لەلایەن شی جینپینگ سەرۆکی چینەوە بانگهێشت کراوە و شاندێکی باڵای سوریا یاوەری دەکات. ئەندامێکی شاندی سوریا کە بڕیارە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ بەیژینگ ئەنجام بدات، ڕایگەیاند، ئەسەد ڕۆژی هەینی چاوی بە شی دەکەوێت، ڕۆژێک پێش ئەوەی بەشداری لە مەڕاسیمی کردنەوەی یارییەکاندا بکات. چین دوای نێوەندگیری لە ڕێککەوتنێکی مانگی سێی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئێران، کاریگەریی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر کردووە و بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ئەسەد لە شەڕ لە سوریادا کە بووەتە هۆی کوژرانی نیو ملیۆن کەس و بەشێکی زۆری وڵاتەکەی وێران کردووە.   سەرچاوە: ڕۆیتەرز