دەستپاکیی عێراق: مانگى رابردوو رێگرى لە بەهەدەردانی 219 ملیار دینار کراوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق دەڵێت، ئەو پارەیەی لە مانگى رابردوودا رێگرى لە بەهەدەردانى کراوە، 219 ملیار و 196 ملیۆن و 373 هەزار دینار بووە، کە 100 ملیۆن دینارى گەڕێندراوەتەوە خەزێنەى دەوڵەت.
رۆژی 21ی ئەیلوولى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق، ئامارى رێگرى لە بەهەدەردانى پارە و گەڕاندنەوەى پارەى گەندەڵى بۆ مانگى ئابى رابردوو بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى ئامارەکە، لەو مانگەدا لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکانى گەندەڵیدا 208 ملیار و 726 ملیۆن و 286 هەزار دینار ئاشکرابووە و دەستى بەسەردا گیراوە. هەروەها بەهەدەرچوونى 500 ملیۆن دینار راگیراوە. لە رێگەى رێوشوێنە خۆپارێزییەکانیش رێگرى لە بەهەدەرچوونى نۆ ملیار و 869 ملیۆن و 695 هەزار دینار کراوە.
دەستەکە ئاماژەى بەوەداوە، 100 ملیۆن و 392 هەزار و 688 دینار لە دۆسیەکانى گەندەڵى گەڕێندراونەتەوە گەنجینەی دەوڵەت.
بەگوێرەى دوایین ئامارى رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى بۆ ساڵى 2022، لەنێو 180 وڵاتدا، عێراق لە ریزبەندى 157 بووە لە پرسی گەندەڵیدا.