هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەسەد و شی جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و سوریا دەکەنەوە

ئەسەد و شی جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و سوریا دەکەنەوە
ئەسەد و شی جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و سوریا دەکەنەوە

2023-09-23 15:24:09 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە هەوڵێکدا بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری دیپلۆماسی و سزاکانی ڕۆژئاوا ڕۆژی هەینی،23ی مانگی نۆ سەردانی چینی کرد. سەردانەکەی سەرۆک کۆماری سوریا بۆ چین یەکەم سەردانی فەرمی ئەسەده بۆ چین له دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا له ساڵی 2011وە. بەگوێرەی میدیا دەوڵەتییەکانی چین، شی جینپینگ بە بەشار ئەسەدی ڕاگەیاندووە کە چین پشتیوانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوریا دەکات لەدژی دەستوەردانی دەرەکی و هەروەها ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی و ئاوەدانکردنەوەی سوریا. سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر حکومەتی سوریا لەوەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە تاکو ئێستا چڕتر بوونەتەوە و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ کەمبوونەوەیان دەرنەکەوتووە. حکومەتی بەشار ئەسەد لە ساڵانی ڕابردوودا و بە پاڵپشتی ئێران و ڕووسیا، توانی بەشێکی زۆری سوریا کۆنترۆڵ بکات و لە دوو ساڵی ڕابردووشدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی زیندووکردوەتەوە. سوریا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی خۆی و بوژاندنەوەی پیشەسازییەکانی پێویستی بە وەبەرهێنانی بیانی هەیە. لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئابووری وڵاتەکەوە، ناڕەزایەتی بەربڵاو لە ناوچەکانی باشووری سووریا بەڕێوەچووە و خۆپیشاندەران داوای دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد و حکومەتەکەی دەکەن. زۆربەی شارەزایان گومانیان لە پابەندبوونی کردەیی حکومەتی چین هەیە بۆ وەبەرهێنان یان هاوکاریکردنی سوریا، چونکە بەپێی سزاکانی حکومەتی ئەمەریکا، هەر کۆمپانیایەک یان دامەزراوەیەک هاوکاری حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بکات، لە لایەن ئەمەریکاوە ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە. کێشەیەکی دیکە بۆ وەبەرهێنانی چین لە سوریا، نائەمنی و خراپی دۆخی دارایی سوریایە. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەکین پەیوەندی و کردەوە دیپلۆماسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادکردووە و لە مانگی 3شدا توانی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و سعودیە بکات بۆ ئەوەی زەمینە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات دوای حەوت ساڵ بڕەخسێنێت. شی جینپینگ بە ئاماژەدان بە پلانە گەورەکانی چین بۆ دروستکردنی ژێرخان و تۆڕی گواستنەوە بەدرێژایی ڕێگای ئاوریشمی دێرین و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی دیدگای خۆی بۆ ئاسایشی جیهانی، پشتیوانی خۆی بۆ کردەوەکانی سوریا ڕاگەیاند کە ئامانج لێی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدایە. شی گوتی "چین ئامادەیە هاوکارییەکانی لەگەڵ سوریا لە چوارچێوەی پلانی "یەک کەمەربەند یەک ڕێگا' فراوانتر بکات و بەمەش بەشداری لە ئاشتی و گەشەپێدانی ناوچەیی و جیهانیدا بکات." هەروەها بەشار ئەسەد لە بەرامبەردا سوپاسی حکومەتی چینی کرد بۆ هەموو ئەو کارانەی کە کردوویەتی بۆ خەڵکی سوریا و ئاماژەی بەوەشکرد ئەو کۆبوونەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی کات و بارودۆخەکەی، گرنگییەکی زۆری هەیە و گوتی "ئەمڕۆ جیهانێکی فرە جەمسەر خەریکی دروستبوونە کە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و سەقامگیری بۆ جیهان." سەرچاوە/ڕۆیتەرز