بەڕێوەبەری شارۆچکەی گوڵاڵە: سێ برا بە دەستی ئامۆزایەک کوژران
2019-12-20 00:00:00 - سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی
بەڕێوەبەری شارۆچکەی گوڵاڵە بە رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە سێ برا کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
یەعقوب یوسف، بەڕێوەبەری شارۆچکەی گوڵاڵە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ماوەی مانگێکە کێشە لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەدا هەیە و کێشەکەش کێشەی ژن و ژنخوازییە، سێ براکەش لەلایەن ئامۆزایەکییانەوە کوژراون".
بەگوتەی بەڕێوەبەری شارۆچکەی گوڵاڵە، رۆژی پێنجشەممە (19-12-2019) کێشەیەک لەنێوان ئەو سێ برایە و ماڵی مامیان دروستبووە، بەڵام لەلایەن سەرۆکهۆزەکانی ئەو ناوچەیە کپکراوەتەوە.
دەشڵێت "بڕیاربوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بکەن و کۆتایی بەم کێشەیە بهێنن کە لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام لە بەرەبەیان و لەکاتی چوون بۆ مزگەوت ئامۆزاکەیان تەقە لە سێ براکە دەکات و دەیانکوژێت".
یەعقوب یوسف ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو دوو بنەماڵەیەی کێشەکە لەنێوانیاندا دروستبووە عەرەبن. ئەوەی تەقەیشی لەو سێ برایە کردووە برینداربووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی بەعقوبە چارەسەر وەردەگرێت.
گوڵاڵە (جەلەولا) شارۆچکەیەکە لە نزیک رووباری سیروان ھەڵکەوتووە و دەکەوێتە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە.
رووبەری شارۆچکەی گوڵاڵە 467 کیلۆمەتر دووجایە و بەدووری 32 کیلۆمەتر کەوتووەتە بەری خۆرئاوای خانەقین، رووباری سیروان کەوتووەتە بەشی خۆرھەڵاتی، زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن؛ لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب و تورکمان.
رووبەری شارۆچکەی گوڵاڵە 467 کیلۆمەتر دووجایە و بەدووری 32 کیلۆمەتر کەوتووەتە بەری خۆرئاوای خانەقین، رووباری سیروان کەوتووەتە بەشی خۆرھەڵاتی، زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن؛ لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب و تورکمان.