هەواڵی کوردستان ئێستا

د.سەعید کاکەیی: بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پارێزگاری هەولێر، دهۆک و سلێمانی وەک ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبنە ناشەرعی و کاربەڕێکەر

د.سەعید کاکەیی: بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پارێزگاری هەولێر، دهۆک و سلێمانی وەک ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبنە ناشەرعی و کاربەڕێکەر
د.سەعید کاکەیی: بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پارێزگاری هەولێر، دهۆک و سلێمانی وەک ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبنە ناشەرعی و کاربەڕێکەر

2023-09-24 20:10:11 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دادگای فیدراڵی عێراق، رۆژی یەکشەممە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەموار کراوی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، ئەمەش لەسەر سکاڵایەکی نوێنەری یاسایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو کە پێشتر لەدادگای فیدراڵی عێراقی تۆماری کردبوو.  د.سەعید کاکەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەکان لە پارێزگاکانی هەرێم. دەبێت هەرچی زووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەهەرێم بکرێت، چونکە ماوەی پێنج ساڵە ئەم ئەنجومەنانە کاتییان بەسەرچووە." سروە عەبدولواحید ئەندامی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " لەسەر بنەمای ئەو داوایەی کە تۆمارمان کرد، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێم نادەستوورییە. ئەم ئەنجومەنانە پێنج ساڵە بە شێوەیەکی نایاسایی مووچە وەردەگرن، بۆیە دەبێت هەر یەک فلسێک کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بژێوی خەڵک وەریانگرتووە بیگەڕێننەوە."   سەرەتای ئەمساڵ دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، بەمەش پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشایەوە. هەرچەندە بەبڕوای بەشێک لە چاودێران بڕیارەکەی ڕۆژی یەکشەممەی دادگای فیدراڵی عێراق، لێدانێکی تر بوو لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە پێجەوانەوە د.سەعید کاکەیی دەڵێت "ئەمە بە زەربەی تری نازانم بەرامبەر هەرێم، چونکە ئەمە ڕاستکردنەوەی پێشێلکردنی ئەو نایاساییە بوو کە روودەدات لە بەرامبەر درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، من دەستخۆشی لە دادگای فیدراڵی دەکەم." سەبارەت بە شوێنەواری بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەو پسپۆڕە گوتیشی "لەو ماوەیەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان موچەیان  وەرگرتووە دەبێت بیگەڕێننەوە." وتیشی "ئەمە گەورەترین دەرفەتە بۆ لایەنە ناڕازییەکانی هەرێم کە شەقام بجوڵێنن ببنە ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەو دەسەڵاتەی خەڵکی برسی کردووە، چ لە ئاسمانەوە چ لەزەوییەوە دوژمنانی کورد تەراتێن دەکەن و ڕۆڵەی خەڵک دەکوژن، ئەمانە بێدەنگن." بەبڕوای د.سەعید کاکەیی، ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هەر بڕیارێکییان دابێت نادەستوری و ناشەرععییە ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشێتەوە. د.سەعید کاکەیی زیاتر ڕونیکردەوە و گوتی "ئەو پارێزگارانەی ئێستا لەهەرێم هەن(پارێزگاری هەولێر، پارێزگاری دهۆک و هەروەها پارێزگاری سلێمانی) بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەک ئەنجومەنی پارێزگاکان ناشەرعین و تەنها دەبنە کاربەڕێکەر، دەشبێت ئەنجومەنەکان هاوشێوەی پەرلەمانی هەرێم لەکار بخرێن." گوتیشی تەنانەت پارێزگارەکانیش لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو ئەو کارانەی کە کردوییانە پەیوەندی بەخزمەتگوزاری هەبێت دروستە کە کردوییانە "بەڵام ئەو کارانەی پەیوەندی بە وەبەرهێنانەوە هەبێت و بودجەی سیادی بەکارهێنابێت ئەو کارانەش دەبێت هەڵبوەشێتەوە." دەشڵێت "لەو پێنج ساڵەدا ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگا هەر فەرمانبەر و کەسێکی سزادابێت (جگە لەدۆسیەی گەندەڵی) دەتوانێت لە دادگای ئیداری سکاڵا تۆمار بکات و بڵێت ئەم ئەنجومەنەی سزای داوم ، سزاکەی لەکاتێکدا بووە کە ناشەرعی بووە." تائێستا هەرێمی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەرنەبڕیووە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد  بە پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بەتەنها  "بابەتەکە یاساییە و پێویست بەڕاوێژ دەکات." بڕیارە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەمانگی دووی ساڵی 2024 بەڕێوە بچێت.