هەواڵی کوردستان ئێستا

ڕیفراندۆم.. هێزی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی

ڕیفراندۆم.. هێزی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی
ڕیفراندۆم.. هێزی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی

2023-09-25 19:14:34 - سەرچاوە: خەبات تارق ساڵەیی

ڕیفراندۆم، بڕیار یا ویست و هەڵبژاردنی خەڵکی ئەو ناوچە، یا وڵاتە ڕادەگەیەنێ، کە پرۆسەكەی تێدا دەکرێ و زۆرتر بۆ بواری سیاسیی وڵاتان بەکار دێت. پەرلەمان یان سەرۆكایەتی یان دەزگای دیكەی باڵای هاوشێوە بڕیار لە ڕیفراندۆم دەدات، گەلێ جار ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی پارێزگاکان و یەكەی بچووكتریش بۆ بابەتگەلێك دەكرێ كە رای جیاوازی لەسەر بێت یان كێشەی لەسەر بێت، دەكرێ.

گەلان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، لە كوردستانی باشووریش لە 25ی 9ی 2017دا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرا، هەم لەلایەن پەرلەمانەوە داوای ئامادەسازی كرا بۆی و هەمیش سەرۆكاەتییی هەرێمی كوردستان و هەمیش حزب سەرەكییەكان و هەمیش نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكان، بڕیاریان لێ دا و کۆی گشتی نزیكەی سەدا نەوەد و سێی خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) دەنگیان دا.

هەموو وڵاتانی جیهانی دیموكراسی، باس لە مافی خەڵک دەکەن و بە حسابی خۆیان ڕێزی لێ دەگرن! بەڵام کاتێک کورد بە ڕێژەی بەرزی 92.7%ی خەڵکی کوردستان دەنگ لەسەر سەربەخۆیی کوردستان دەدەن، لە لایەن دراوسێیان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قابیلی قبووڵ نییە!

هەر بۆ خۆی لێرەدا دەردەکەوێ، کە دیموکراسییەت تەنیا و تەنیا قسەی سەرمێزە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لای زلهێزە جیهانییەکان ڕێزێکی ئەوتۆی نییە، ئەگینا بۆچی بۆ خۆیان ڕەوایە و بۆ ئێمە ناڕەوایە؟

ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان لە باشوور بۆ سەربەخۆیی، باشترین و بەهێزترین و ڕەواترین بڕیارە، تاپۆی ڕەشی گەلی کوردستانە بە نێوچاوانی نەیاران و دوژمنانەوە. ڕاستە کورد دوای ڕیفراندۆم بە ئێستاشەوە تووشی زۆر ناخۆشی بووە، بەڵام پێگەی کوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەورەتر و بەهێزتر کرد. ئێمە پێویستە بزانین، بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان، باجی زۆر قورستر هەیە کە دەبێ و پێویستە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، بەڵام دواجار ئێمە براوە دەبین.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم، ئاشکرایانە ئەو ڕاستییە بێنینە بەرچاو، ئەگەر کورد دوای ڕیفراندۆمی سەرکەوتوانەی خۆی تووشی زۆر بەربەست بووە، مەسەلەکە تەنیا یەکنەبوونی ناوماڵی کوردە، نەک ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. ئەگەر کورد یەکدەنگ بێت و هیچ لایەنێک خۆی نەکاتە باوەشی دوژمن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر، لەمێژ بوو دەمانتوانی بەو ڕێژە بەرزەی لە ئاکامی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەدەستمان هێنا، سەربەخۆ و خاوەن دەوڵەتی کوردی دەبووین و ڕزگارمان دەبوو لە دەستی دوژمنان و داگیركارانی کوردستان، چونکە هیچ زلهێزێک نییە لە سەر زەوی بتوانێ ئیرادەی گەلێك بشکێنی، کاتێک گەل بڕیاری چارەنووسی خۆی دەدا.

ئێستاش بە یەکبوون و یەکدەنگیی گەلی کورد دەتوانرێ زلهێزەکانی جیهانی بێنینە سەر ئەژنۆ و هەرکات پێویست بێت ڕیفراندۆم، کە کارتێکی بەهێزە لە گیرفانی گەلی کورد دا، کە بە سەرپەرشتی و هێزی پێشەوا و ڕێبەری گەلی کوردستان سەرۆك مەسعود بارزانی و بە پشتیوانیی خودا و خەڵكی كوردستان، بەدەست هات و کوردی کردە خاوەن ئیرادەی پۆڵایین بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەکار بهێندرێت و کورد بگاتە سەربەخۆیی. تاکە هۆکار بۆ نەگەیشتنی کورد تا ئێستا بە سەربەخۆیی، تەنیا و تەنیا ناكۆكی و یەکدەنگ نەبوونی نێوماڵی کوردە، نەک ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کە هەندێک لایەن بانگەشەی بۆ دەكەن!

 

پیرۆز بێت شەشەمین ساڵیادی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25ی 9ی 2017، کە گەورەترین دەستکەوتی گەلی کوردە بە درێژایی مێژوو.

یەکگرتن، یەکگرتن، یەکگرتن، تاکە ڕێگای سەربەستی و سەربەخۆیی گەلی کوردستانە.

بژی کورد، بژی کوردستان، شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی گەلی کوردستان...