سه‌رۆك بارزانی: سه‌ركه‌وتنی گه‌وره ئه‌وه‌بوو رێژه‌یه‌كی زۆر به بەڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دابوو
هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆك بارزانی، له به‌شی دووه‌می گفتوگۆكه‌یدا له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی "السطر الاوسط"ی كه‌ناڵی MBC، وه‌ڵامی كۆمه‌ڵێك پرسیار ده‌داته‌وه.
به‌غدا دوای 2003
سه‌رۆك بارزانی: ئێمه وا پێشبینیمان ده‌كرد، دوای 2003 عێراقێكی نوێ، كه مافی هه‌مووانی تێدا ده‌پارێزرێت و فیدراڵی ده‌بێت، بۆ ئه‌و كاته زۆر باش بوو، هه‌موو حزبه‌كان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حزبه‌كانی دیكه و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانیش له‌سه‌ر بڕیاره‌كه ره‌زامه‌ند بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقدا بكه‌ین و كه‌س لاری نه‌بوو.
ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌رده‌می بوشی باوك
سه‌رۆك بارزانی: دوای 1991 ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێیان گوتین هێزه‌كانمان ده‌كشێنینه‌وه، ته‌نیا ناوه‌ندێكی هه‌ماهه‌نگی له زاخۆ ده‌هێڵێنه‌وه، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق هێرشی كردنه سه‌ر، ئێمه لێی ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش هێرش بكه‌ن، ئێمه هیچ په‌یوه‌ندیمان پێتانه‌وه نابێت، ئه‌وه په‌یامی واشنتن بوو.
دوای ئه‌وه‌ی بێل كلینتن بووه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، په‌یامی ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌ندێك گۆڕا، ئه‌وجاره گوتیان ئه‌گه‌ر ئێوه هێرش بكه‌ن، ئێمه په‌یوه‌ندیمان پێوه نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان هێرش بكه‌ن، ئێمه دێینه سه‌رخه‌ت، به‌ڵام له‌و كات و ساته ئێمه خۆمان دیاری ده‌كه‌ین، من به‌بیرمە پێمگوتن، لای ئێمه‌ی موسڵمان ئه‌وه هه‌یه، كه فاتیحه بۆ گیانی مردووان ده‌خوێنرێت، پێمگوتن ئه‌گه‌ر ئێمه مردین فاتیحه‌مان بۆ مه‌خوێنن. ئه‌و كات و ساته‌ی ئێوه دیاری ده‌كه‌ن كه‌ی ده‌بێت؟ ده‌بێت، چونكه گونجاو نه‌بوو.
پێش كه‌وتنی به‌غدا، له سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراودا چووینه واشنتن، گه‌یشتینه ئه‌و بڕوایه‌ی ده‌یانه‌وێت رژێمی به‌غدا بڕووخێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌مان بۆچوونیان هه‌بێت ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان ده‌وێت، بڕوای ته‌واومان بۆ دروست بوو، له‌راستیدا رووخانی رژێمیان ده‌وێت.
پرسه‌كه به‌و شێوه‌یه بوو، گوتیان چی بكرێت باشه، منیش پێشنیازی ئه‌وه‌م كرد هه‌موو لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی عێراق كۆبكرێنه‌وه، ئه‌وه‌بوو له له‌نده‌ن كۆنگره‌كه له مانگی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2002 به‌سترا، رێككه‌وتن له‌سه‌ر بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق، به‌ڵام له رۆژی كۆتاییدا، بۆنی تۆڵه‌كردنه‌وه‌م كرد، گوتم به‌ڕێزان هه‌رچه‌نده خه‌ریكی داڕشتنی راگه‌یه‌ندراوی كۆتایین، به‌ڵام من قسه‌یه‌كم هه‌یه، قسه‌كه‌شم ئێستاش ماوه، پێمگوتن پێمان باشه واز له ناكۆكییه لاوه‌كییه‌كان بهێنین، با خه‌ڵك نوێنه‌ری ئه‌مینی خۆی هه‌ڵبژێرێت، له رێگه‌ی دیموكراتی و ئازادی راده‌ربڕین، فره‌یی و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له‌به‌رچاو بگیرێت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتی بنیات بنێت".
به درێژایی ژیانم، دژی دیكتاتۆر و سته‌مكاری وه‌ستاومه‌ته‌وه، 37 كه‌س له ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌كه‌م، له براكانم، برازاكانم و ئامۆزاكانم له ده‌ستداوەن، زیاتر له 8 هه‌زار بارزانی، 182 هه‌زار ئه‌نفالی كورد، 5 هه‌زار شه‌هیدی كیمیاییبارانی هه‌ڵه‌بجه. ده‌بێت بپرسین ئایا دوای رووخانی سه‌ددام ده‌كرێت من بچم 37 كه‌سی سه‌ددام بكوژم، دواتر 8 هه‌زار كه‌س له هۆزه‌كه‌ی له تكریت و 182 هه‌زار كه‌س له نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكوژرێن، چی ده‌بێت؟ با رێكبكه‌وین، چه‌ند كه‌سن، هه‌زار، دوو هه‌زار، تاوانباره‌كان بدرێنه دادگا و سزای خۆیان وه‌ربگرن، به‌ڵام واز لە ئه‌وانی دیكه بێنین.
مه‌به‌ستی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تۆڵه‌كردنه‌وه بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ به‌ڵێ.. پێمگوتن من ترسم له داهاتوو هه‌یه و وڵات بنیات نانرێت، هه‌ندێك له‌گه‌ڵ بوون و هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵمدا نەبوون.
تۆ دژی ریشه‌كێشی به‌عس بووی؟
سه‌رۆك بارزانی: من دژی ئه‌وه بووم به شێوه‌یه‌كی ره‌ها و به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی رژێم بكرێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ی تاوانیان ئه‌نجامداوە سزا بدرێن و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، رزقیان مه‌بڕن، من دژی ئه‌وه‌م. من دژی ریشه‌كێشكردنی سیاسی نه‌بووم، به‌س دژی ئه‌وه‌بووم رزقی ئه‌وانه ببڕێت، كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به تاوانه‌كانی رژێمه‌كه‌وه نییه.
ده‌ستگیركردنی سه‌ددام حوسێن
پێشبینی ئه‌وه‌ت ده‌كرد سه‌ددام به‌و شێوه‌یه ده‌ستگیر ده‌كرێت؟
سه‌رۆك بارزانی: له راستیدا پێشبینی ئه‌وه‌م ده‌كرد ئه‌گه‌ر كاره‌كه بگاته ئه‌و راده‌یه، شتێك بكات و مێژوویەك بۆخۆی درووست بكات، یان كۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت، به‌ڵام كه بینیم به‌و شێوه‌یه له چاڵه‌كه ده‌ریده‌هێنن، له به‌رچاوم كه‌وت.
عێراقییه‌كان به ده‌نگێكی نزمه‌وه ده‌ڵێن سه‌ددام سته‌می لێكرا؟
سه‌رۆك بارزانی: له راستیدا سه‌ددام به‌رپرسی هه‌موو ئەو تاوانانە بوو كه به‌رامبه‌ر عێراقییەكان و دراوسێكانیش ئه‌نجامدرابوون، به‌ڵام نه‌ده‌بوو له شه‌وی جه‌ژن له سێداره بدرێت، پێموایه ده‌بوو یان پێشتر، یان دواتر بێت.
پێتوایه كه له‌سێداره‌دانی له شه‌وی جه‌ژن مه‌به‌ستدار بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: دواتر گوێم لێبۆوه هه‌وڵی رفاندنی دراوه، به‌ڵام دواتر زۆر به دوای ئه‌و بابه‌ته‌دا نه‌چووم.
كاتێك سه‌ددامت له ژێر په‌تی سێداره بینی، چ هه‌ستێكت هه‌بوو، ئه‌و كه‌سه‌ی برا و كه‌سوكاری تۆی كوشت وا له سێداره ده‌درێت؟
سه‌رۆك بارزانی: هه‌ستم كرد خوا تۆڵه له سته‌مكاران ده‌كاته‌وه، ئیمانێكی ره‌هام به‌وه هه‌یه، خوا ده‌رفه‌تت ده‌دات، به‌ڵام پشتگوێ ناخات.
په‌یوه‌ندی سه‌رۆك بارزانی و پۆل بریمه‌ر
سه‌رۆك بارزانی: بریمه‌ر كه‌سێك بوو شاره‌زایی ته‌واوی له‌سه‌ر ناوچه‌كه نه‌بوو، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئێمه ئه‌نجامدا، هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌بوو باره‌گاكه‌ی له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بوو، باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش بوو، ئێمه‌ش چووین و كۆبووینه‌وه.
گوتی من نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م، بە بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پرۆسه‌كه داگیركارییه، به‌ڵام وشه‌كه هه‌ندێك قورسه و پێویسته پابه‌ندی بن، منیش هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكم هه‌یه و بڕیاره‌كان ده‌ده‌م، بۆیه بڕیارمان داوه له‌نێو ئێوه لیژنه‌یه‌كی راوێژكاری درووست بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی راستگۆش بم له‌گه‌ڵتان، مه‌رج نییه هه‌موو پێشنیاز و راوێژه‌كانتان وه‌ربگیرێت.
به خۆبه‌زلزانی ده‌ركه‌وت؟
سه‌رۆك بارزانی: منیش گوتم من نوێنه‌رایه‌تی خۆم ده‌كه‌م، هه‌ر تاكێكیش لێره نوێنه‌ری خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه هه‌یه ده‌توانی به‌و شێوه‌یه‌ی قسه ده‌كه‌ی خۆت تاقی بكه‌یه‌وه، بزانه چۆن ده‌بێت و چۆن ده‌توانی ده‌وڵه‌ته‌كه و دامه‌زراوه‌كانی بنیاتبنێیه‌وه و تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو ده‌بی، ئه‌وه‌یان بۆخۆت ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام من له ژیانمدا نابمه راوێژكاری هیچ كه‌سێك، من باره‌گاكه‌م له هه‌ولێره و ئه‌گه‌ر پێویستییه‌كتان به من بوو، ئه‌وه من له هه‌ولێرم و فه‌رموون. ئه‌وانی دیكه‌ش خۆیان نوێنه‌رایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن.
وه‌ڵامی ئه‌و چ بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: ئه‌و كاته زۆر باش له بیرم نییه، به‌ڵام ماوه‌ی نزیكه‌ی 2 مانگ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌منه‌وه نه‌ده‌كرد، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو ده‌یه‌ویست بێزارم بكات، به‌ڵام له هه‌موو شوێنێك وه‌ڵامی خۆمم هه‌بوو، به‌رپه‌رچم ده‌دایه‌وه. دواتر هات و گه‌ڕایه‌وه، سه‌ردانه‌كانی به‌رده‌وام بوو، وه‌كو ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێت.
ئه‌ندامێتی له ئه‌نجوومه‌نی ده‌سه‌ڵات (مجلس الحكم)
سه‌رۆك بارزانی: به‌بێ ئاگاداری خۆم، ناوی منیان له لیستی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دا نووسیبوو، من سه‌ره‌تا ره‌تمكرده‌وه، به‌ڵام دواتر بینیم كه‌سایه‌تی به‌ڕێز داوایان كرد، گوتم ئه‌گه‌ر ره‌تی بكه‌مه‌وه، ره‌نگه به شێوه‌یه‌كی دیكه بیر بكه‌نه‌وه، به‌ڵام من وتم له‌به‌ر رێزی ئێوه قه‌بووڵمه، پێمباشتر بوو بیكه‌م، نه‌ك ئه‌و دۆسته به‌ڕێزانه‌م نیگه‌ران بكه‌م.
مانگی نیسان من له ئه‌نجوومه‌نی ده‌سه‌ڵات بووم، بڕیارمدابوو، 2 بۆ 3 رۆژ له به‌غدا بمێنمه‌وه، دوای منیش ئه‌وه‌ی دێت با ئه‌و ئه‌ركه‌كه وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ی گه‌یشتمه به‌غدا، رووداوه‌كانی فه‌للوجه روویاندا، هه‌ڵوێستێكی زۆر ناخۆش بوو، نه‌ده‌بوو به‌غدا جێبهێڵم، له‌و كاته‌دا هاوڕێ و هاوكاره‌كانم جێبهێڵم، بڕیارێكی باش نه‌بوو، بۆیه تا كۆتایی مانگه‌كه مامه‌وه.
سه‌ختترین شت له ئه‌نجوومه‌نی ده‌سه‌ڵات چ بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: سكرتێری ئه‌نجوومه‌نم بانگ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن ئیداره‌ی كاره‌كان بدەین، گوتی بڕیاره‌كان لێره‌وه ده‌رده‌چن و بۆ بریمه‌ر ره‌وانه ده‌كرێن، ئه‌ویش یان تانه له بڕیاره‌كان ده‌دات، یان قه‌بووڵیان ده‌كات.
گوتم باشه تا ئێستا چه‌ند بڕیار ده‌رچووه، بریمه‌ر ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر چه‌ندیان داوه و تانه‌ی له چه‌ند بڕیاریش داوه، ئه‌ویش گوتی 113 بڕیار ده‌رچووه تا ئێستا، بریمه‌ر تانه‌ی له 97 بڕیارداوه، منیش قسه‌م له‌گه‌ڵی كرد، گوتم سوێند به خوای گه‌وره، ئه‌گه‌ر بڕیارێك ده‌ربچێت و من واژۆی له‌سه‌ر بكه‌م و تۆ تانه له بڕیاره‌كه بده‌یت یه‌ك خووله‌كیش نامێنمه‌وه. یان له ئێستاوه پێم بڵێ ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌وان مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرێت با بزانم، یانیش هیچ بڕیارێك ناده‌ین وهیچ واژۆ ناكه‌م، به‌ڵێنی پێدام وا نه‌بێت، له‌راستیشدا پابه‌ند بوو و تانه‌ی له هیچ بڕیارێكی من نه‌دا.
هیچ حاڵه‌تێكی تایفه‌گه‌ری هه‌بوو له‌وێ تێپه‌ڕبێت، یان شتێكی له‌و بابه‌ته؟
سه‌رۆك بارزانی: نه‌خێر.. له‌راستیدا ئه‌وانه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی ده‌سه‌ڵات بوون، كه‌سانی رێزلێگیراو بوون و رێزی یه‌كتریان ده‌گرت، به‌ڵام هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌بوو، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لای بریمه‌ر بوون، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نه‌كه له‌گه‌ڵ یه‌كتر گونجاو بوون و هه‌ستیان به به‌رپرسیاریەتی ده‌كرد.
وڵاتانی عه‌ره‌بی چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات ده‌كرد؟
سه‌رۆك بارزانی: خۆیان ده‌پاراست، زۆربه‌یان و وابزانم هه‌موویان، به‌ڵام یه‌كه‌م وڵات ئێران بوو، هات پیرۆزبایی لێكردین، به‌شێكیش له وڵاتانی ئه‌وروپی مامه‌ڵه‌یان لەگەڵ ده‌كردین.
ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی
هه‌ندێك پێیانوابوو رۆژێك دوای ریفراندۆم، هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، ئایا ئه‌وه پلانی ئێوه بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ر له ریفراندۆم و دواتریش نه‌مانگوتووه دووه‌م رۆژ سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نین، گوتمان ئه‌وه ده‌رفه‌تێكه بۆ گه‌لی كورد رای خۆی رابگه‌یه‌نێت و بچینه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، پێویسته به گفتوگۆ و رێگه‌ی ئاشتی بگه‌ینه چاره‌سه‌رێك، ئه‌وه ئامانجه‌كه بوو.
ئایا مه‌سعود بارزانی له‌وه ده‌ترسا نه‌وه‌ی داهاتووی كورد زۆر گرنگی به پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد نادات وه‌ك نه‌وه‌ی سه‌رده‌می ئێوه؟
سه‌رۆك بارزانی: بۆ من سه‌ركه‌وتنی گه‌وره ئه‌وه‌بوو رێژه‌یه‌كی زۆر به بەڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دابوو، نزیكه‌ی 93%ی گه‌لی كوردستان ده‌نگیان به‌ڵێ بوو، له‌لای منیش ئه‌وه گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن بوو.
كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌ی چی بوو؟ چ ده‌وڵه‌تێك زۆر پشتگیری ئێوه‌ی ده‌كرد؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌شێك له وڵاتان به‌ر له ریفراندۆم به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان دابوو، ئه‌گه‌ر پشتگیریش نه‌كه‌ن دژ نه‌بن، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری به‌ڵێنه‌كه‌یان بوون.
كامه‌یان به دیاریكراوه؟
سه‌رۆك بارزانی: ده‌توانم بڵێم هه‌موویان، به‌ڵام به پله‌ی جیاواز.
ئه‌ی ئێران و توركیا؟
سه‌رۆك بارزانی: ئه‌وان زۆر دژ بوون و ئاڵای دوژمنداریان به‌رزكرده‌وه، وڵاتانی ده‌رووبه‌ر هه‌موویان.
واتا له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ناكۆكن، ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه یه‌كیان گرت؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ رێك ئه‌وه‌مان بینی.
له‌و بڕوایه دای رۆژێك له رۆژان ببینی ئه‌و خه‌ونه بووه‌ته راستی؟
سه‌رۆك بارزانی: گرنگ ئه‌وه‌یه بناغه‌یه‌كی پته‌ومان دانا بۆ ئه‌و مافه، من ناڵێم خه‌ون، به‌ڵام نه‌وه‌ی دوای من و دوای ئه‌وان دێن ده‌یبنین.
ئایا تۆ له گه‌لی كورد دڵنیای؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ بێگومان، من دڵنیام گه‌لی كورد سه‌لماندی به هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی راده‌ستی سته‌م ناكات.
شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش
سه‌رۆك بارزانی: داعش دیارده‌یه‌كی سه‌یر و نامۆ بوو، پێشتر تیرۆریستان هه‌بوون، به‌ڵام له ژێر زه‌وی بوون، كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیان ئه‌نجام ده‌دا، ئۆتۆمبێلێكی به مین چێنراو، یان خۆكوژی دەتەقێندرایەوە. به‌ڵام داعش له ماوه‌ی 24 كاتژمێر هات، خۆمان به‌رامبه‌ر سه‌نگه‌رێكی هه‌زار و په‌نجا كیلۆمه‌تری رێكخراوه‌كه بینییه‌وه، كه سوپایه‌كی به‌هێز و پته‌و بوو، ئه‌وه‌شیان له سوپای عێراقییه‌وه ده‌ستكه‌وتبوو. وه‌ك زریپۆش و تانك و چه‌كی شكێنه‌ر، له سووریاشه‌وه چه‌كیان ده‌ستكه‌وتبوو. هێرشێكی فراوانیان كرد، به‌داخه‌وه ئێمه توانستی ئه‌وه‌مان نه‌بوو، چونكه حكوومه‌تی به‌غدا رێگری له‌وه ده‌كرد چه‌ك بگاته پێشمه‌رگه، له كاتێكدا ده‌ستوور مافی ئه‌وه‌ی داوه ئه‌و چه‌كه بگاته پێشمه‌رگه، ئه‌مه‌ریكاش كاری له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كرد، ئه‌مه‌ریكا و به‌غدا هه‌ردووكیان ده‌ستبه‌رداری پابه‌ندییه ده‌ستوورییه‌كه بوون.
له‌راستیدا له رۆژانی یه‌كه‌م پێشمه‌رگه و هاووڵاتیان، سینگی خۆیان كرده قه‌ڵغان و به ئیمانی خۆیان به‌رپه‌رچی هێرشی گه‌وره و وه‌حشیانه‌ی تیرۆریسانیان دایه‌وه.
داڕمانی سوپا شتێكی ئاسایی بوو له مووسڵ، یان شتێك هه‌بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: هیچ كات سوپای عێراق ئینتیمای بۆ نیشتمان نه‌بووه، ئه‌گه‌ر هه‌شیبووبێ بۆ كه‌سێك بووه، شتێكی ساخته‌بووه. ئێمه زانیاریمان هه‌بوو له‌سه‌ر سنووره‌كانه‌وه هاتووچۆ ده‌كه‌ن، له سووریاوه بۆ رۆژئاوای مووسڵ، ماوه‌ی ساڵێك بوو هه‌موو سوپای عێراق له ناوچه‌ی رومادی سه‌رقاڵ بوون.
داعش توانست و هێزی سوپای عێراقی داڕماند به راستی، دواتر چه‌كدارانی داعش هاتنه ناوچه‌ی حه‌زه‌ر له باشووری رۆژئاوای مووسڵ.
ئێوه چاودێری دۆخه‌كه‌تان ده‌كرد؟
سه‌رۆك بارزانی: پێشنیازمان كرد له‌گه‌ڵ به‌غدا به هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنێك ئه‌نجام بده‌ین و ده‌ریان بكه‌ین، به‌ڵام گرنگی پێ نه‌دا، دواتر گه‌شه‌یان به كرده‌وه‌كانیان دا، خۆیان پێشخست شانه‌ی نووستوویان درووست كرد و بازنه‌كانیان فراوان كرد و خه‌ڵكی دیكه‌ش هاوكاریان كردن، ئه‌و هێزه‌ی هاته مووسڵیش هێزێكی تایفی بوون، زۆر خراپ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كرد، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی مووسڵ وایانده‌زانی چه‌كدارانی داعش نایانكوژێت و به به‌زه‌ییترن له سوپای عێراق، ئه‌وه‌ش كاره‌سات بوو.
به‌غدا فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده و یاریده‌ده‌ری سوپاسالاری نارده مووسڵ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه، ئه‌و كاته چه‌كدارانی داعش و تیرۆریسته‌كان، له بادۆش زیندانیكرابوون، له بنه‌ڕه‌تیشدا داعش ئامانجی ئازادكردنی ئه‌و زیندانانه‌ی خۆی بوو، سه‌ربازگه‌یه‌ك هه‌یه له مووسڵ به‌ناوی غه‌زلانی، ئه‌وێ باره‌گای فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆن بوون، جێگری سوپاسالار و فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده له‌وێ بوون، داعش خۆیشی پێشبینی نه‌ده‌كرد، مووسڵ وا به ئاسانی بكه‌وێت، هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر بادۆش بوو، ره‌نگه پاسه‌وانه‌كان رێك كه‌وتبن، سه‌ربازگه‌كه‌شیان هاوه‌ن باران كرد، یاریده‌ده‌ری سوپاسالار و فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده هه‌موویان شوێنه‌كه‌یان جێهێشت و سه‌ربازگه‌كه‌یان چۆڵ كرد و هه‌واڵه‌كه‌ش له شار بڵاوبۆوه و داڕمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگر له پووش و په‌ڵاش به‌ربووبێت و شانه نووستووه‌كانیش ده‌ستیان به كار كرد، داعش له جیاتی ئه‌وه‌ی بچێته بادۆش هاته مووسڵ، چونكه شتێكی گه‌وره‌تری ده‌ستكه‌وت، مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكات بادۆش خۆی ده‌كه‌وێت. داعش خۆیشی نه‌یده‌زانی به‌و ئاسانییه ده‌توانێت مووسڵ داگیر بكات.
هه‌ندێك ده‌ڵێن مالیكی مووسڵی راده‌ستكرد؟
سه‌رۆك بارزانی: ره‌نگه نه‌توانین وابڵێین، به‌ڵام مالیكی پشتی به سوپایه‌ك به‌ست وایده‌زانی سۆزی بۆ ئه‌و هه‌یه و تا دوا فیشه‌ك ده‌جه‌نگێت، هێزه‌كه‌ش هه‌موو هه‌ڵاتن و چه‌ك و جلی سه‌ربازیان جێهێشت و زۆربه‌یان هاتنه لای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
مه‌سعود بارزانیمان بینی گه‌ڕایه‌وه مه‌یدانی جه‌نگ، به‌ڵام به ته‌مه‌نێكی جیاواز و له قۆناغێكی جیاواز، چی وای كرد خۆی بچێته‌وه مه‌یدانی جه‌نگ؟
سه‌رۆك بارزانی: هه‌ستم به مه‌ترسی دۆخه‌كه كرد، وه‌حشیه‌تگه‌ری داعشمان بینی له كوشتن و سه‌ربڕین، ئه‌تككردنی نامووس، ته‌نانه‌ت له كتێبه‌كانی مێژووش ئه‌وه‌مان به‌رچاو ناكه‌وێت، ره‌چاوی هیچ شتێكیان نه‌ده‌كرد و هه‌موو تاوانێكیان ئه‌نجام ده‌دا. گه‌له‌كه‌مان له‌به‌رده‌م چاره‌نووسێكی ره‌شدا بوو، ناچاربووین بچین و ئه‌ركی خۆمان ئه‌نجام بده‌ین.
زۆربه‌ی فه‌رمانده‌كان هۆشداریان ده‌دا له‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی بچێته به‌ره‌كانی جه‌نگ، چونكه شه‌ڕه‌كه نزیك بوو زۆر؟
سه‌رۆك بارزانی: رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای جه‌نگ پێویست بوو، چونكه ره‌وشه‌كه زۆر مه‌ترسیدار بوو، داڕمان له چه‌ند شوێنێك روویدا، ئه‌زموونه‌كه نوێ بوو، چه‌كدارانی داعش 1700 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی گوللـه‌نه‌بڕیان له سوپای عێراقه‌وه چنگ كه‌وتبوو. چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پێویستمان نه‌بوو، به‌رامبه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه هیچ شتێك كاریگه‌ریی نه‌بوو، ئه‌وان ده‌هاتن و سه‌نگه‌رێكیان به ته‌واوه‌تی له‌ناو ده‌برد، له هه‌ندێك شوێن دۆخه‌كه زۆر خراپ بوو، بۆ ئه‌وه چووم وره‌یان به‌رزبكه‌مه‌وه.
له‌وه ده‌ترسای نه‌وه‌ی ئێستای كورد نه‌توانێت له ئاست دۆخه‌كه بێت له چاو ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه پێشتر به یه‌كه‌وه خه‌باتتان كردووه؟
سه‌رۆك بارزانی: له راستیدا ده‌ترسام، چونكه نه‌وه‌ی كۆن هه‌ندێكیان شه‌هید بوون و هه‌ندێكیان به هۆی ته‌مه‌نه‌وه نه‌یانده‌توانی له‌و دۆخه‌دا له سه‌نگه‌ربن، به‌ڵام له ماوه‌ی 2 هه‌فته‌دا، ده‌ركه‌وتن كه پاڵەوانن و جێگه‌ی شانازی بوون، به‌راستی پاڵه‌وان بوون، به مانای وشه.
دوو هه‌فته‌ی یه‌كه‌م، هێرشه‌كانمان راگرت، دواتر پێگه‌ی خۆمان قایمتر كرد، دواتر هێرشی پێچه‌وانه‌مان ده‌ستپێكرد، فه‌رمانده‌ی یه‌كێك له هێزه تایبه‌ته‌كان هێرشی كرد، بینی ئۆتۆمبێلێكی خۆكوژی داعش دێته نزیك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هیچ به‌ربه‌ستێكی له به‌رده‌م نییه، به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی چووه به‌رده‌می و رێگری لێ‌كرد له‌وێ خۆی ته‌قانده‌وه، فه‌رمانده‌كه له‌وێ شه‌هیدبوو، به‌ڵام نه‌یهێشت خۆكوژه‌كه بگاته ناو پێشمه‌رگه.
ئایا ئه‌مه‌ریكا به‌و شێوه‌یه هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد؟
سه‌رۆك بارزانی: پێشتر ئه‌مه‌ریكییه‌كان هیچ شتێكیان پێنه‌ده‌داین و گوشاریان له به‌غدا نه‌ده‌كرد چه‌ك به پێشمه‌رگه بده‌ن، به‌ڵام دوای 3 بۆ 4 رۆژ له ئاسمانەوە پشتیوانیان كردین و زۆر به باشی پشتیوان بوون، دواتریش هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی زۆر باش بوو، هه‌رگیز سه‌ردانی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌بیر ناكه‌م بۆ هه‌وه‌لێر (فرانسوا ئۆلاند) له 12ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2014، كه هێشتا هه‌ولێر له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مووشه‌كه‌كانی داعشدا بوو، ئه‌ڵمانیا چه‌كی میلانی پێداین و هاوكێشه‌ی جه‌نگه‌كه گۆڕا. هه‌روه‌ها سعودیه و ئیمارات و ئوردن، هاوكاریان كردین.
رۆڵی ئێران چی بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: رۆژانی یەكەم هاتن و چه‌كی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـه‌نه‌بڕیان پێداین، پرسیان ده‌تانه‌وێ چیتان بۆ بكه‌ین، قاسم سوله‌یمانی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم، منیش گوتم ئه‌گه‌ر بكرێت چه‌كی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویسته، به‌یانی رۆژی دواتر به دوو فڕۆكه‌ی پڕه‌وه، هاوكارییه‌كانیان گه‌یاند.
وه‌ڵامی حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵڵا
له باره‌ی حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵڵا له‌وانه‌یه گوێبیستی قسه‌كانی بووبی له باره‌ی هاوكارییه‌كانی ئێران قسه‌ی كرد، تۆ چیت هه‌بوو بۆی؟
سه‌رۆك بارزانی: برایانی عه‌ره‌ب به‌ر له كورد وه‌ڵامیان دایه‌وه، له‌راستیدا نواندنێكی شكستخواردوو و چیرۆكێكی هه‌ڵبه‌ستراو بوو، ناشزانم هۆكاری چی بوو، دواتریش په‌یوه‌ندی پێوه كردم.
داوای لێبوردنی كرد؟
سه‌رۆك بارزانی: (به پێكه‌نینه‌وه) با ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی لێگه‌ڕێین باسی ناكه‌م، وازی لێبێنه.
سه‌ردانی ریاز و پێشوازی شاهانه‌ی شا سه‌لمان
سه‌رۆك بارزانی: تا ئێستا 4 بۆ 5 جار سه‌ردانی سعوودیه‌م كردووه، هه‌ریه‌كه له به‌ڕێزان شا فه‌هد، شا عه‌بدوڵڵا و شا سه‌لمانم بینیوه، شا عه‌بدوڵڵا چیرۆكێكی بۆ گێڕامه‌وه، كه من نه‌مبیستبوو، من ئاماژه‌م به په‌یوه‌ندی نێوان شا فه‌یسه‌ڵ و بارزانی نه‌مر كرد، به‌ڵام ئه‌و گوتی په‌یوه‌ندییه‌كه كۆنتره و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می شا عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌وه‌ش بۆ من شتێكی نوێ و گرنگ بوو به‌ڕاستی.
هیچ گۆڕانگارییه‌كت له هه‌ڵوێستیان بینیوه له به‌رامبه‌ر پرسی كورد، مه‌به‌ستم (شا سه‌لمان، شا عه‌بدوڵڵا و شا فه‌هد)ه؟
سه‌رۆك بارزانی: له‌راستیدا هه‌موویان هه‌ڵوێسته‌كانیان مرۆیی و گه‌وره بوون، دوا سه‌ردانیشم بۆ لای شا سه‌لمان رێزلێنانێكی زۆر روون و گه‌وره و دیار بوو، سوپاس و پێزانینم بۆ گه‌ل و شای سعوودیه هه‌یه.