روانگە: بۆ ماوەی دوو مانگ خۆراك بۆ 5 هەزار خێزان دابین دەكەین
هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەزگای روانگە رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان نەخۆشیی كۆرنا و قەدەغەی هاتوچۆ هەیە، بە پێویستمان زانی كە هاوكاریی خەڵكی كەمدەرامەت بكەین، لە قۆناغی یەكەمیشدا بۆ ماوەی دوو مانگ خۆراك بۆ 5 هەزار خێزان دابین دەكەین".
ئاری رەسووڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشتر كاری ئێمە گەیاندنی هاوكاری و كاری خێرخوازی نەبوو و هاوكاریی گەنجانمان دەكرد، بەڵام دەبینین كە لە ئێستادا ئەو دۆخە هاتووەتە پێشەوە، بە پێویستمان زانی كە ئێمەش هاوكاریی خەڵكی كەمدەرامەت بكەین و خۆراكیان بەسەردا دابەش بكەین".
گوتەبێژی دەزگای روانگە ڕوونیشی كردەوە: "هاوكارییەكانی ئێمە پێك دێت لە سەبەتەی خۆراك، كە خۆراكی بۆ ماوەی دوو مانگ لە هەموو جۆرەكان تێدایە و ئەگەر خێزانەكان پێنج كەس بن، هاوكارییەكان زۆرن و بەشی چوار مانگیشیان دەكات".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لە قۆناغی یەكەمدا هاوكارییەكە بەسەر 5 هەزار خێزاندا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە دابەش دەكەین، كە دابەشكردنی هاوكارییەكانیش بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگاكان، چونكە ئەوان لیستی ناوی خێزانەكانیان لایە و ئێمەش خۆمان دەزانێن كێ پێویستی بە هاوكاری هەیە".
بڵند ئیبراهیم