هەواڵی کوردستان ئێستا

یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆنگرە کۆدەبێتەوە

یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆنگرە کۆدەبێتەوە
یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆنگرە کۆدەبێتەوە

2019-12-20 00:00:00 - سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی بەشێك لە سەركردایەتی ‌و ئامادەكارانی كۆنگرەی چوارەم بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆنگرە کۆببنەوە، ئەندامێكی سەركردایەتیی یەکێتیش دەڵێت: گرفتێك لەبەردەم كۆنگرەدا هەیە و لە هەوڵی چارەسەركردنیدان.

 

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "گرفتێك لەبەردەم كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دروستبووە، گرفتەكە پەیوەندی بە یاسایەكی عێراقییەوە هەیە کە كەسانی سەربازی ‌و ئەمنی بۆیان نییە بەشداری كۆنگرەی حیزبی بكەن، ئێستا لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتەداین".

 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (هەینی 20-12-2019) بەشێك لە سەركردایەتی ‌و ئامادەكارانی كۆنگرەی چوارەم بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە كۆدەبنەوە.

 

ئێستا دوو گرفت بۆ بەستنی کۆنگرە دروستبوونە کە یەکێتی خۆی چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد ئەو گرفتانە بێنە بەردەم کۆنگرە، چونکە ئەوان دەمێکە ئامادەکارییان بۆ بەستنی کۆنگرە کردووە، ئەگەرچی پێشتر کاتێکی دیکەیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاریکردبوو، بەڵام کاتەکەی بۆ 21-12-2019 دواخرا.

 

گرفتی یەکەم ئەوەیە، دەبوو لە چەند رۆژی رابردوو پۆستی سەرۆکوەزیران لە بەغدا یەکلایی کرابایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پرسە یەکلانەبووەتەوە و دەشبێت رۆژی 21ی ئەم مانگە ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبوونی سەرۆککۆمار لە بەغدا پێویستییەکی گرنگە و لەسەری پێویستە لە ماوەیەکی زوودا ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، ئەمەش وادەکات کە بەرهەم ساڵح لە کۆنگرە ئامادە نەبێت.

 

گرفتی دووەم ئەوەیە، ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیارانی عێراق، یەکێتییان لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت هیچ بەرپرسێکی ئەمنی یان سەربازی لە کۆنگرەی حیزبیدا بەشداری بکەن یان ئەندامی حیزب بن. 

 

هێشتا دیار نییە رۆژی شەممە 21-12-2019 ، یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی دەبەستێ‌ یان جارێكی دیكە دوادەخرێتەوە.