هەواڵی کوردستان ئێستا

دوو گرفت بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دروستبوونە

دوو گرفت بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دروستبوونە
دوو گرفت بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دروستبوونە

2019-12-20 00:00:00 - سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

سەرەڕای هەموو ئەو ئامادەکارییانەی بۆ بەستنی چوارەم کۆنگرەی یەکێتی تەواوکراون، بەڵام هێشتا ئەگەری دواخستنی کۆنگرە ئەگەرێکی کراوەیە لەبەردەم یەکێتیدا، بەهۆی ئەو کێشانەی هاتوونەتە بەردەم بەستنی کۆنگرە لە رۆژی 21ی ئەو مانگەدا.

 

هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، رۆژی (پێنجشەممە 19-12-2019) تاوەکو درەنگانی شەو، بە جیا سەرکردەکانی یەکێتی و ئەندامانی کۆنگرە و ئەوانەی نیازی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتیی یەکێتی بەربژێر بکەن، لە کۆبوونەوەدابوونە. بە تایبەت تاوتوێی ئەو گرفتە تەکنیکییانەیان کردووە کە هاتووەتە بەردەم بەستنی کۆنگرەی یەکێتی لەکاتی خۆی کە بڕیارە سبەی ( شەممە 21-12-2019) کۆنگرە بەڕێوەبچێت.

 

ئێستا دوو گرفت بۆ بەستنی کۆنگرە دروستبوونە کە یەکێتی خۆی چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد ئەو گرفتانە بێنە بەردەم کۆنگرە، چونکە ئەوان دەمێکە ئامادەکاریان بۆ بەستنی کۆنگرە کردووە، ئەگەرچی پێشتر کاتێکی دیکەیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاریکردبوو، بەڵام کاتەکەی بۆ 21-12-2019 دواخرا.

 

گرفتی یەکەم ئەوەیە، دەبوو لە چەند رۆژی رابردوو پۆستی سەرۆکوەزیران لە بەغدا یەکلایی کربایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پرسە یەکلا نەبووەتەوە و دەشبێت رۆژی 21ی ئەم مانگە ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبوونی سەرۆککۆمار لە بەغدا پێویستییەکی گرنگە و لەسەری پێویستە لە ماوەیەکی زوودا ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، ئەمەش وادەکات کە بەرهەم ساڵح لە کۆنگرە ئامادە نەبێت.

 

گرفتی دووەم ئەوەیە، ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیارانی عێراق، یەکێتیان لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت هیچ بەرپرسێکی ئەمنی یان سەربازی لە کۆنگرەی حیزبیدا بەشداری بکەن یان ئەندامی حیزب بن. 

بەپێی بڕگەی پێنج لە ماددەی نۆ هەروەها بڕگەی سێ لە ماددەی 10ـی یاسای پارتەکانی عێراقی ژمارە 36ـی ساڵی 2015، کەسانی سەربازیی ناتوانن ئەندامی حیزب بن و بەشداریی کۆنگرە بکەن، ئەوەش کێشەی بۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دروستکردووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو زیاتر لە 100 کەسایەتی کە بەرپرسن لە سلکی ئەمنی و سەربازیی، بۆ ئەو کۆنگرەیە خۆیان بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتیی یەکێتی بەربژێر کردووە.

 

بەپێی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، درووشمەکان (ئاشتی، دیموکراسی، ئازادی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنووسین، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی) دەبێت و لە هەموو ئۆرگانەکاندا رێژەی ژنان 25٪ دەبێت.

 

کۆبوونەوەی ئۆرگانەکان بە 50+1 رێژەی یاسایی وەردەگرێت و ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتی پێکدەهێنرێت و ئەنجوومەنی ناوەند نامێنێت.

 

ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتی لەناوکۆنگرە هەڵدەبژێردرێت و سکرتێری ئەنجوومەنەکەش لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا هەڵدەبژێردرێت.