هەواڵی کوردستان ئێستا

لە هەرێمی كوردستان بە سەدان بەندكراو ئازاد دەكرێن

لە هەرێمی كوردستان بە سەدان بەندكراو ئازاد دەكرێن
لە هەرێمی كوردستان بە سەدان بەندكراو ئازاد دەكرێن

2020-04-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- بە هۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەنجوومەنی دادوەری لیژنەیەكی پێك هێناوە بۆ ئەوەی بەشێك لە بەندكراوان ئازاد بكرێن، ئەندامێكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت، هەفتەیەكە دەستبەكار بوون و لە ئێستادا ئاماری سەرجەم چاكسازییەكان وەرگیراوە، ئازادكردنیش بە هیچ جۆرێك ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە بە یاسای تیرۆر یان سیخوڕی دەستگیر كراون.

كرمانج عوسمان، ئەندامی لیژنەكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەكە لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دەستەی مافی مرۆڤ پێك هاتووە و، سەرەتاش ئاماری تەواوی بەندكراوان و حوكمدراوان وەردەگیرێت و بڕیار لەسەر كەیسەكانیان دەدرێت".

عوسمان دەشڵێت: "بەشێك لە بەندكراوان ئازادكردنیان بە مەرج دەبێت، بەشێكیانیش ئازاد دەكرێن، بە تایبەت ئەو كەسانەی كە نەخۆشن و راپۆرتی پزیشكییان هەیە، یان ئەو كەسانەی كە ماوەی بەندكردنەكانیان تەواو بووە و بەرنەدراون، بەڵام بە هیچ جۆرێك ئەو كەسانەی بە یاسای تیرۆر و سیخوڕی گیراون، ئەم بڕیارە نایانگرێـتەوە، هەروەها تاووتوێی ئەوەش دەكرێت كە بەشێك لە بەندییەكان بدرێنەوە بە حكوومەتی فیدراڵی عێراق، بە مەرجێك دڵنیایی هەبێت كە لە سێدارە نەدرێن".

ئاماژەی بەوەش دا، دوای تەواوبوونی كارەكان، راپۆرتەكە دەدرێتە حكوومەتی هەرێم و ئەوانیش ئەوانەی لە دەسەڵاتی خۆیاندا بێت ئازادیان دەكەن، ئەوی دیكەش بەرز دەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و لەوێ بڕیاریان لەسەر دەدرێت.

 

هێدی كاكەیی