هەواڵی کوردستان ئێستا

د. محەمەد: چۆڵكردنی سەربازگەی كەیوان دڵەڕاوكێی لای كەركووكییەكان دروست كردووە

د. محەمەد: چۆڵكردنی سەربازگەی كەیوان دڵەڕاوكێی لای كەركووكییەكان دروست كردووە
د. محەمەد: چۆڵكردنی سەربازگەی كەیوان دڵەڕاوكێی لای كەركووكییەكان دروست كردووە

2020-04-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


كەركووك-KDP.info- هەفتەی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە كەركووك و خانەقین و ناوچەكانی دیكەی عێراق چەندین كردەی تیرۆریستییان ئەنجام دا، بەرپرسێكی پارتیش لە كەركووك دەڵێ، جگە لە سەنتەری شارەكان، ھەموو ناوچەكانی دیكەی كەركووك بە دەست داعشەوەن.

د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی زانیاریی ئێمە، جگە لە ناوەندی شار و سەنتەری قەزا و ناحیەكان، ھەموو ناوچەكانی دیكەی كەركووك لە شەودا بە دەست چەكدارانی داعشەوەن و ھیچ ھێزێكی ئەمنی و سەربازیی حكوومەتی عێراق ناتوانێ لە دەرەوەی سەنتەری شارەكان جووڵە بكات".

بەرپرسەكەی پارتی لە كەركووك گوتیشی: "چۆڵكردنی سەربازگەی كەیوان لەلایەن ئەمەریكاوە، ترس و دڵەڕاوكێی زیاتری لای دانیشتووانی كەركووك دروست كردووە، رۆژانەش چەند چالاكییەكی تیرۆریستی لەلایەن داعشەوە لە سنووری كەركووك ئەنجام دەدرێن، هەروەها لە ناوچەكانی باشووری كەركووك، بە تایبەتی لە نێوان قەزای حەویجە و داقووق و لە رۆژئاوای كەركووكیش، ناوچەكانی نێوان قەزای دوبز و حەویجە زیاتر لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان".

د. محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھێزە عێراقییەكان جاروبار ھەندێ جووڵەی خۆپارێزی بەڕێوە دەبەن، بەڵام تەنیا لە رۆژدایە و شەوان دەگەڕێنەوە نێو بنكە و بارەگاكانی خۆیان لەناو شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری كەركووك".

 

قائید میرۆ