هێزە کوردییەکانی سوریا دەڵێن ئەندامێکی باڵای ڕێکخراوی داعشیان دەستگیر کردووە
2023-09-30 15:32:09 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
هێزە کوردییەکانی سوریا ڕایگەیاند هێزەکانییان و هێزەکانی ئەمەریکا ئەندامێکی باڵای ڕێکخراوی داعشییان دەستگیرکردووە. هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کوردەکان ڕابەرایەتی دەکەن و لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە ئەندامێکی باڵای داعشییان دەستگیرکردووە بە ناوی مەحمدو ئیبراهیم ئەل حاجی کە بە ئەبو یوسف ناسراوە، دەستگیرکردنەکە لە شاری ڕەققەی باکووری سوریا بووە. ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند چەکدارێکی دیکەی داعشییان لە باکووری سوریا دەستگیرکردووە. بەپێی بەیاننامەکەی هێزە کوردییەکانی سوریا، ئەل حاجی "چالاکانە بەشداربووە لە پشتیوانیکردن لە خانە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا." وتیشی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئەمەریکا بە هاوبەشی هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی لە ڕۆژئاوای ڕەققە و " سەرکەوتووانە دەستبەسەرییان کردووە." سەرەڕای شکستەکەیان لە مانگی سێی ساڵی 2019 دا لە سوریا، خانە نوستووەکانی داعش هێشتا لە توانایاندا هەیە هێرشی کوشندە ئەنجام بدەن، بەهۆی ئەو جۆرە هێرشانەشەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر خەڵک کوژراون. ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازیی لە سوریادا هەیە و سەنگییان خستووەتە سەر لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش. مانگی ڕابردوو شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوەدا هێشتا داعش 5000 بۆ 7000 چەکداری لە سوریا و عێراقدا هەیە و لە ئێستاشدا چەکدارەکانی داعش مەترسییەکی گەورەیان لەسەر ئەفغانستان دروست کردووە. سەرچاوە/ AP