هەواڵی کوردستان ئێستا

پەرلەمان: لەگەڵ خوێندنی ئونلاین نین

پەرلەمان: لەگەڵ خوێندنی ئونلاین نین
پەرلەمان: لەگەڵ خوێندنی ئونلاین نین

2020-04-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- شەوی ڕابردوو لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە لەبارەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ کۆ بوونەوە و ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەش ئاشکرای کرد، پەرلەمان لەگەڵ خوێندنی ئونلاین نییە و دەمانەوێ ھەنگاوی دیکە بگرینە بەر.

گوڵستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەبەست لە کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردوو ئەوە بوو کە کار بکرێت بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ، بەڵام نەگەیشتینە ھیچ بڕیارێکی کۆتایی، چونکە ئەگەر دەرفەت ھەبێت و ڕەوشەکە لەبار بێت، سەرەتای مانگی دابێ دەست بە پڕۆسەی خوێندن دەکرێتەوە بۆ تەواوکردنی ئەو بەشەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ."

ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتی: "ھەندێ ھەنگاوی دیکە ماون بگیرێنە بەر تا لەسەر چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ بڕیاری کۆتایی بدەین، چونکە ئەگەر بێت و پرۆگرام تەوا نەکرێت کێشە و ئاستەنگ بۆ ئەزموونەکان دروست دەبێت."

لەبارەی خوێندنی ئۆنلاین باقی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە نایشارینەوە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ خوێندنی ئونلایندا نییە و پێویستە ڕیکاری دیکە بگیرێتە بەر بۆ تەواوکردنی خوێندن، ھەر بڕیار و ڕێکارێکیش بدرێت ئەوە بێگومان بەرژەوەندیی قوتابیان لە سەرەوەی ھەموو شتێک دەبێت و دڵنیایان دەکەینەوە زەحمەتی خوێندنەکەیان بەفیڕۆ ناچێت."

 

قائید میرۆ