هەواڵی کوردستان ئێستا

بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی: جووڵەی بازرگانی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان ئاسایی بووەتەوە

بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی: جووڵەی بازرگانی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان ئاسایی بووەتەوە
بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی: جووڵەی بازرگانی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان ئاسایی بووەتەوە

2020-04-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەروەر كەمال هاواری ڕاگەیاند، کە لە دوێنێوە دۆخی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكان چووەتە قۆناغێكی ئاسایی، وەك پێش سەردەمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆڕۆنا، ئەمەش كاریگەریی دەبێت لەسەر دابەزینی نرخ و مانەوەی بارهەڵگرەكان لە دەروازە سنوورییەكان بۆ كاتێكی كەمتر لە جاران.

سەروەر كەمال هاواری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا یەكێك لە خەمە سەرەكییەكانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، خەمی خۆراك بووە، بۆیە هەر زوو بڕیاری دا بە دروستکردنی بۆردێک بۆ دابینکردنی خۆراك و، ئێستاش بەهۆی ئەو ڕێكارانەی گیراونەتە بەر خەریكە ئەم خەمە كۆتاییی پێ دێت و ڕۆژانە خۆراكی پێویست بە زیادەوەش دەگاتە كوردستان."
بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی زانیاری راگەیاند کە: "لە دوێنێوە جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە بە گرتنە بەری ڕێكاری تەندروستی و خۆپارێزی و ئێستاش 140 كیلۆمەتر بارهەڵگر وەستاون بۆ ئەوەی خۆراك بگوازنەوە كوردستان و بەبەردەوامیش ئەم ڕێژەیە لە زیادبوونە.'

بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەش دا: "هەموو دۆخێكی نائاسایی لە سەرەتادا تا ڕێكخستنەوەی بۆ دەكرێت هەندێك كاتی دەوێت، لە ماوەی ڕابردووشدا بەشێك لە هاووڵاتیان باسیان لە گرانبوونی نرخی هەندێ خۆراك كرد، ئەمەش بەهۆی زۆری خواست لەسەر كاڵاكان و درەنگگەیشتنی كاڵاكان لە ڕێگای دەروازە سنوورییەكانەوە بەهۆی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان بوو، بەڵام ئێستا بە گرتنەبەری ڕێگای تازە ئەم كێشانە نەماون، بەڵكو نرخی هەندێ جۆرە خۆراك دابەزیوە، چونكە ئێستا لەبڕی 14 ڕۆژ بارهەڵگرەكان بە حەوت ڕۆژ بارەكانیان دەگەیەننە شوێنی مەبەست و بەمەش كرێبارەكانیان كەم دەبێـتەوە و نرخی خۆراكەكان كەمتر دەبێتەوە."

دەربارەی ئاسانكاری بۆ بازرگانان، سەروەر كەمال هاواری، ئاماژەی بەوە دا: "لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەت و ئەو ڕێكارانەی وەزارەتی بازرگانی گرتوویەتییە بەر ئاسانكاریی تەواو بۆ بازرگانان كراوە بە مەبەستی كڕینی خۆراك و گواستنەوەی لە نێوان شارەكان و تەنانەت لە كۆگاكان بۆ ناو ماركێتەكانیش ئەم ئاسانكاریانەش بەردەوام دەبن لەپێناو خزمەتی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان."
هێدی كاكەیی