English | عربي

ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نى خانه‌قین: عه‌ره‌بەکانی كه‌ره‌وی به‌ ڕۆژ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقدان و به‌ شه‌و داعشن


ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نى خانه‌قین: عه‌ره‌بەکانی كه‌ره‌وی به‌ ڕۆژ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقدان و به‌ شه‌و داعشن

2019/02/04 | 15:20

(هەواڵ كوردستان)- "گەڕەکی به‌ختیاری لە خانەقین، بووه‌ته‌ بازاڕى فرۆشتن و ساغكردنه‌وه‌ى مادده‌ی هۆشبەر"

عه‌دنان ره‌حمان، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شار‌ى خانه‌قین له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ (باس)، باس له‌ خراپیی بارودۆخى خانه‌قین و مامه‌ڵه‌كردنى حكوومه‌تى عێراق و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ ده‌كات.

 

(باس) بارودۆخى ئێستاى شار‌ى خانه‌قین له‌ چ ئاستێكدایه‌؟عه‌دنان ره‌حمان: پێش 16ى ئوكتۆبه‌ر بارودۆخى شاره‌كه‌ زۆر باش بوو، به‌ڵام له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ مه‌ترسى به‌ هه‌موو جۆرێك ڕووى له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌، به‌ تایبه‌ت ترس و دڵه‌ڕاوكێى له‌ناو گونده‌ كوردییه‌كانى ده‌وروبه‌رى خانه‌قین دروست بووه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، دیارده‌ى ڕفاندن و تیرۆركردنى هاووڵاتییانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و چه‌كدارانه‌ى، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ به‌ئاشكرا په‌لامارى ئه‌و گوندانه‌ ده‌ده‌ن و ژیانیان لێ تاڵ كردوون و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئێستا حه‌وت گوندى كورد چۆڵیان كردووه‌ و ڕوویان له‌ ناوچه‌ ئارامه‌كان كردووه‌، بێده‌نگیى حكوومه‌تى عێراقیش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌لامار و هێرشانه‌، بووه‌ته‌ ڕێگه‌خۆشكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى كارى تیرۆرستى به‌بێ ترس له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت.

 

(باس) كێن ئه‌وانه‌ى ئه‌و كاره‌ تیرۆرستییانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟عه‌دنان ره‌حمان: ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ هۆزى كه‌ره‌وین، به‌ ڕۆژ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقدان و به‌ شه‌ویش خۆیان ده‌كه‌نه‌ داعش و كارى تیرۆرستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بێجگه‌ له‌وانه‌ عه‌ره‌بى ناوچه‌كه‌ و ده‌وروبه‌رى گوڵاڵەش دێن و شان به‌شانى ئه‌وان كارى تیرۆرستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

 

(باس) مامه‌ڵه‌كردنى حكوومه‌تى عێراق له‌گه‌ڵتان چۆنه‌؟عه‌دنان ره‌حمان: حكوومه‌تى عێراق ئێستا شار‌ى خانه‌قینى پشتگوێ خستووه‌ و ئاوڕى لێ ناداته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌كوو شارەکە‌ بودجه‌مان له‌ لایه‌ن ئیداره‌ى پارێزگاى دیاله‌وه‌ بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، به‌ڵام له‌دواى 2012 تاكوو ئێستا یه‌ك دیناریان بۆمان نه‌ناردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پاره‌مان بۆ بنێرن، ئێمه‌ش پرۆژه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، هه‌رچه‌ندە شارۆچكه‌كه‌مان له‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراقه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌ستى یارمه‌تیمان بۆ درێژ كراوه‌ و چه‌ندین پرۆژه‌یان بۆ ئه‌نجام داوین.

 

(باس) له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌دان بۆ خانەقین‌؟عه‌دنان ره‌حمان: به‌ڵێ، ئه‌و كاته‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بوو، ئارامى و سه‌قامگیری هه‌بوو، به‌ڵام له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌ما، قوڕبه‌سه‌رى هاته‌ سه‌ر شارۆچكه‌كه‌، پێشمه‌رگه‌ هێزى هه‌موو خانه‌قینییه‌كان بوو به‌بێ جیاوازى، ناوچه‌كه‌ى به‌بێ جیاوازى ده‌پاراست و ئه‌و قوربانىیەی ئه‌وان دایان بێ وێنه‌ بوو، خه‌ڵكى خانه‌قین هیچ گرفتێكیان له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌دا نییه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌.

 

(باس) باس له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌ خانه‌قین ده‌كرێت، تا چه‌ند راسته‌؟عه‌دنان ره‌حمان: بڵاوكردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ له‌ شار‌ى خانه‌قین زیاد ده‌كات، كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ى قاچاخ دێته‌ ناوچه‌كه‌ و به‌نهێنى به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ى كه‌ ئالووده‌ى ئه‌و ماده‌یه‌ن و به‌كارى ده‌هێنن، ساغ ده‌بێته‌وه‌.

ئیداره‌ى شاره‌کەش ناتوانێت كۆنترۆڵى بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌زۆری بڵاو بووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تى گه‌ڕه‌كێك هه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌ ناوى به‌ختیارییه‌، بووه‌ته‌ بازاڕى فرۆشتن و ساغكردنه‌وه‌ى ئه‌و مادده‌یه‌.

 

(باس) ئەی پرۆسه‌ى ته‌عریب؟عه‌دنان ره‌حمان: ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كه‌متر له‌ناو شارى خانه‌قین ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام له‌ ناوچه‌ى مونزریه‌ى سه‌ر سنوورى ئێران- عێراق، سه‌د له‌ سه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ ئێستا له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقییه‌وه‌ فه‌رمانگه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ته‌عریب ده‌كرێن، ئه‌ویش به‌ ده‌ركردنى فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌كان و دانانى عه‌ره‌ب له‌ شوێنیان، كه‌ ڕێژه‌ى ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ كوردانه‌ى لابراون یاخود ده‌كراون، ده‌گاته‌ 200 فه‌رمانبه‌ر.

 

(باس) ده‌گوترێت له‌ بازگه‌كانى شار‌ى خانه‌قین، سه‌رانه‌ له‌ شۆفێران وه‌رده‌گیرێت، تا چه‌ند راسته‌؟عه‌دنان ره‌حمان : به‌ڵێ وایه‌، بازگه‌گان به‌ ده‌ست حكوومه‌تى عێراقییه‌وه‌یە و به‌ئاشكرا سه‌رانه‌ له‌و شۆفیرانه‌ وه‌رده‌گیرێت، كه‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان بارهه‌ڵگرن و زۆر جار ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی وه‌رده‌گیرێت ده‌گاته‌ سه‌د هه‌زار دینار، به‌تایبه‌ت له‌و شۆفیرانه‌ وه‌رده‌گرێت، كه‌ بارى ئۆتۆمبیله‌كانیان خۆراك و سه‌وزه‌یه‌.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending